تا ئێستا لای یەكێتی جێگری سەرۆكی پەرلەمان یەكلایی نەبۆتەوە

هەرچەندە هەندێك میدیا لەوانە تەلەفزیۆنی رووداو بڵاویان كردۆتەوە كە جێگری سەرۆكی پەرلەمان لەلایی یەكێتی یەكلای بۆتەوە، بەڵام دیاریكردنی ئەو پۆستە دەكەوێتە دوای ناونانی سەرۆكی حكومەت‌و جێگرەكەی.
سەرچاوەیەكی ئاگادار بەسپی میدیای راگەیاند كە لەكۆبوونەوەی ئەمرۆی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان كە قوباد تاڵەبانیان دەستنیشانكرد بۆ وەرگرتنی پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەت، باس لە جێگری سەرۆكی پەرلەمان نەكراوە. سەرچاوەكەی سپی باسی لەوە كرد بۆ ئەو پۆستە دوو كاندیی پەرلەمانتاری یەكێتی لە كێبەركێدان، ئەوانیش سالار مەحمود‌و گۆران ئازاد.
پێشتر بێگەرد تاڵەبانیش كە ئەندامی سەركردایەتی یەكێتیەو ئەندامی پەرلەمانە، ناوی وەك كاندی بۆ ئەو پۆستە دەهات، بەڵام دانانی قوباد تاڵەبانی چانسی ئەو كاندیەی خستە دواوە.
سەبارەت بەكاتی دەستنیشانكردنی ئەو پۆستە لەلایەن یەكێتیەوە، سەرچاوەكەی سپی ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە دانانی ئەو پۆستە دەكەوێتە دوای ناوانی سەرۆكی حكومەت" واتە دەكەوێتە كۆتایی ئەم هەفتەیە".  





PM:07:19:18/05/2014