"برسێتی و نەبوونی مووچە و خراپی گوزەران بڕستی لە هاووڵاتیان بڕیووە"

ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان ڕایدەگەیەنێت" ململانێ سیاسییەكان خەریكە پەڕلەمانی كوردستان پەك دەخەن و ئەم دامەزراوە گرنگە لەسەر رێڕەوی خۆی لادەدەن". 

 

ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان لە راگەیەندراوێکدا بە ناونیشانی ناكرێ پەرلەمان كەرەنتینەی سیاسی بكرێت رایگەیاند" دوابەدوای ئەوەی لە كۆبونەوەی رۆژی 7-5-2020 پەرلەمان بە بڕیاری ژمارە (4) پارێزبەندی لەسەر پەرلەمانتار سۆران عومەر هەڵگرت، وێڕای ئەوەی ناڕەزایی بەشێك لە پەرلەمانتاران و لایەنە سیاسیەكانی لێكەوتەوە، رێكارەكانی دەركردنی بڕیارەكەش بەڕێڕەوی یاساییدا تێنەپەڕی بو و كۆمەڵێك خاڵی ناپەیڕەوی لەدەركردنیدا بەدی دەكرا، بۆ ئەم مەبەستە هەم سۆران عومەر یاداشتێكی ئاراستەی سەرۆكی پەرلەمان كردبو و هەم ئێمەش وەك ئینستتیوتی پەی لە 23-5-2020 لە یاداشتێكدا خاڵە نایاساییەكانی بڕیارەكەمان دەستنیشانكردبو و بە ئەركی سەرۆكی پەرلەمانمان زانی وەك ئەوەی بانگەشەی بۆ دەكرد گوایە ناڕازی بوە و ئاگاداری ئەو كارە نایاساییانە نەبوە، پێویست بو هەڵی بوەشێنێتەوە".

ئاماژەی بەوەشکردوە" لە ئەنجامدا دوێنێ دەنگۆی ئەوە بڵاوكرایەوە گوایە سەرۆكی پەرلەمان بڕیارەكەی هەڵوەشاندوەتەوە، ئەگەر ئەم دەنگۆیە راست بێت هەنگاوێكی بوێرانەیە و دەبێت هەنگاوەكانی تریشی بەدوادابێت، چونكە تا ئێستا نەكەس ئەو بڕیارەی بینیوەو نە لە هیچ شوێنێكیش بڵاوكراوەتەوە، هەربۆیە لەسەر سەرۆكی پەرلەمان پێویستە بۆ رەواندنەوەی ئەوگومانانەی ئاماژە بە تێوەگلان و ئاگاداری سەرۆکی پەرلەمان  دەكەن لە دەركردنی بڕیاری هەڵگرتنی پارێزبەندییەكەدا ژمارەیەک هەنگاو بنێت". 

 

ئینستتیوتی پەی پێشنیاز دەکات، بڕیارەکەی سەرۆکی پەرلەمان لە ماڵپەڕی فەرمیی پەرلەمانی كوردستاندا بڵاوبكرێتەوە، چونكە ئەوەی تا ئێستا باس دەكرێت فەرمی نیە، هەروەها بڕیارەكە لە رۆژنامەی فەرمی وەقائیعی كوردستان بڵاوبكرێتەوە، چونكە تا ئێستا كەس نەیبینیوە.

ئەوەشی خستوەتەڕوو، پێویستە وەك فەرمانێك هاوشێوەی بڕیاری ژمارە (4) كە بۆ دادگاكان ناردراوە، بەفەرمی بنێردرێت بۆ دادگا بەمەبەستی راگرتنی بڕیاری پێشو، چونكە بەپێی بڕیارەكە پارێزبەندییەكە بۆ ناوبراو دەگەڕێتەوە.

 

ئینستتیوتی پەی رونیکردوەتەوە: ئەگەر ئەم هەنگاوانە بنرێن، راستگۆیی سەرۆكی پەرلەمان و متمانەی بەڕێزیان و ئەو هێزە سیاسییانە دەگەیەنێت كە پاڵپشت و بانگەشەكاری پەیامەكە بون، بەپێچەوانەوە جگە لەكارتێكی سوتاو كە تەنها بۆ خۆ بەپاڵەوانكردن و چاوبەستەكی خەڵكی و بەلاڕێدابردن زیاتر هیچی تر ناگەیەنێت.

 

ئینستتیوتی پەی دەشڵێت" كوردستان بە قۆناغێكی سەختدا تێدەپەڕێت، برسێتی و نەبونی موچەو خراپی گوزەران بڕستی لە هاوڵاتیان بڕیوە، تارمایی پەتای كۆرۆنا باڵی بەسەر هەرێمدا كێشاوە و رۆژانە زیاد لە سەد كەس توشی پەتاكەدەبن و چەندان كەس گیان لەدەستدەدەن، بە سیستەمێكی تەندروستی خراپ و بایكۆت و مانگرتنی پزیشكان و كارمەندانی تەندروستی مەترسی گەورەتر لەبەردەمدایە، سەرباری لوتبەرزی و لەخۆبایی بوونی بەرپرسانی بەغدا (بەكورد و عەرەبەوە) و عینادی بەرپرسانی هەرێم تەنگژەكان قوڵتر دەكاتەوە".

لە کۆتایی راگەیەندراوەکەی ئینستتیوتی پەیدا هاتووە، پێویستە پەرلەمانی كوردستان وەك باڵاترین دامەزراوەی سیاسی و یاسایی و شەرعیی هەرێم، كۆكەرەوەی هێز و لایەنە سیاسیە جیاجیان بێت و تەعبیر لە خواست و داواكاری و ئازارەكانی خەڵكی كوردستان بكات و لە ئاست بەرپرسیارێتی سەردەمەكەدا بێت، یاسای باش دابڕێژێت و چاودێریی وردی دەسەلاتی جێبەجێكردن بكات، نەك خۆی بە بابەتی لاوەكییەوە سەرقاڵ بكات و بكرێت بە ئامرازێك بۆ بەجێگەیاندنی ئەجێندا كاتییەكانی هێزە سیاسییەكان لەسەر حیسابی پێشێلی یاساو پیرۆزییەكانی خەلكی كوردستان و لە ئەنجامی بەیەك نەگەیشتنیان دامەزراوەكە كەرەنتینەی سیاسی بكەن و پەكی بخەن.

 

 




AM:10:02:16/06/2020