بۆ ساغكردنەوەی بەرھەمی جوتیارانی سنوری ھەولێر چوار بڕیاری نوێ‌ دەركرا

وەزیری كشتوكاڵ و پارێزگاری هەولێر و بەڕێوەبەرایەتی گشتی كشتوكاڵی هەولێر لەپێناو ساغ كردنەوەی بەرهەمی تەماتەی جوتیاران چوار بڕیار دەردەكەن و جەختدەكەنەوە، كە كارگەی قوتوبەندی هەریر لە نزكترین كات بەگەڕدەكەوێتەوە.

 

دەقی راگەیەندراوی نووسینگەی پارێزگاری ھەولێر:

 

دوا بە دوای ئەوەی دوێنێ كۆبوونەوەمان لەگەڵ نوێنەری بەشیك لەو جوتیارانە كرد، كە كێشەی ساخبوونەوە و هەرزانی نرخی بەربوومی كشتوكاڵیان هەبوو، بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێز وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكومەتی هەرێمی كوردستان و بەڕێوەبەرایەتی گشتی كشتوكاڵی هەولێر، گەیشتینە ئەو دەرەنجامانەی خوارەوە.

یەكەم/ بۆ ساخكردنەوە و كڕینی بەرهەمی تەماتە لەجوتیاران، كارگەی قوتوبەندی هەریرلە نزكترین كات بەگەڕدەكەوێتەوە و دەست دەكرێت بە كڕینی تەماتە لەجوتیاران بۆ كارگەكە.

دووەم/ بەڕێز شێخ باز بۆ هاندانی بەرهەمی جوتیارانی ناوخۆ بڕیاریدا ڕۆژانە (45) تەن تەماتە بۆ ماوەی (6) ڕۆژ بكڕێتەوە و وەك كاری خێرخوازی لە كەمپ و گەڕەكە هەژارنشینەكانی هەولێر دابەشی بكات، ئەم هەڵوێستەش شایستەی ڕێزلێنان و سوپاسە.

سێیەم/ بۆ پشتگیریكردن لە فرۆشتنی بەرهەمی جوتیاران لە سنووری پارێزگای هەولێر، بڕیاردرا كارئاسانی بۆ هاتنی سەرجەم بازرگانانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق بكرێت بۆ هەولێر، بۆ ئەو مەبەستەش قایمقامی هەولێر ئەمڕۆ سەردانی عەلوەی هەولێری كرد و میكانیزمی گونجاو دانرا بۆ هاتنە ژوورەوەی كڕیارانی تەماتە و بەربوومی كشتوكاڵی.

چوارەم/ بڕیاردرا لەمەدوا لەبەرامبەر هەر سندوقێكی بەتاڵی تەماتە و میوە (250) دینار لەلایەن بەقالەكانەوە بۆ جوتیاران بگەڕێندرێتەوە، هەروەها بڕیاردرا بە دابەزاندنی نرخی سندوقی هەڵگرتنی سەوزە و میوە بەشێوەیەكی گونجاو.

نووسینگەی پارێزگاری هەولێر
2020.7.7



PM:06:08:07/07/2020