بەپەلە.. گۆڕان: هەموو رێوشوێنە یاسایی و مەدەنییەكان دەگرێتەبەر لەبەرامبەر ساختەكارییەكاندا

لەراگەیەندراوێكدا بزوتنەوەی گۆڕان  لەگەڵ ئەوەی پیرۆزبایی سەركەوتن لە دەنگدەرانی دەكات لە هەردوو هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و ئەنجومەنی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان، ئەوەش دوپاتدەكاتەوە كە هەموو رێوشوێنە یاسایی و مەدەنییەكان دەگرێتەبەر لەبەرامبەر پێشێلكاری و ساختەكارییەكاندا و دڵنیاییش دەداتە دەنگدەرانی گۆڕان و هاوڵاتیان كە سازش لە مافەكانیان ناكات.

دەقی راگەیەنراوەكە:

بەبۆنەی كۆتاییهاتنی پرۆسەی هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و ئەنجومەنی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستانەوە، پیرۆزبایی لە هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان و دەنگدەرانی بزوتنەوەی گۆڕان دەكەین، بزوتنەوەی گۆڕان لەگەڵ ئەوەی تێبینی و سەرنجی لەسەر شێوەی بەرێوەچوون و كارەكانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌وئەنجامەكانی هەیە، بەڵام ئەم هەڵبژاردنانە سەركەوتنێكی ترە بۆ پرۆسەی سیاسی لەهەرێمی كوردستاندا، بزوتنەوەی گۆڕان لە چوار هەڵبژاردندا سەلماندی كە هاوڵاتیانی كوردستان بەردەوامن لە پشتیوانی كردنی و زیادبوونی دەنگەكانی باشترین بەڵگەی ئەم راستیەن و بزوتنەوەی گۆڕان سەلماندی كە وەك هێزێكی مەدەنی و لەرێگای سندوقەكانی دەنگدانەوە توانی گۆڕانكاری لە نەخشەی سیاسی بكات.

بزوتنەوەی گۆڕان هاوكات لەگەڵ ئەوەی پیرۆزبایی سەركەوتن لە دەنگدەرانی دەكات لە هەردوو هەڵبژاردنەكاندا ئەوەش دوپاتدەكاتەوە كە هەموو رێوشوێنە یاسایی و مەدەنییەكان دەگرێتەبەر لەبەرامبەر پێشێلكاری و ساختەكارییەكاندا و دڵنیاییش دەداتە دەنگدەرانی گۆڕان و هاوڵاتیانی نیشتمانەكەمان كە سازش لە مافەكانیان ناكات و لە دەنگەكانیان و ئیرادەیان بۆ گۆڕین و گۆڕانكاری خۆش نابێت، بزوتنەوەی گۆڕان بناغەی گۆڕانكاری داناوە و ئەو كاروانە بەردەوام بۆ پێشەوە دەڕوات، هەرچەندە ئاستەنگەكان زیاتر بن.

بزوتنەوەی گۆڕان
22- ئایاری 2014




PM:10:43:22/05/2014