لە شاری سلێمانی تووشبوویەکی کۆرۆنا بۆ یەکەم جار لە ڕێگەی دەرزی بەرگری (IV IG) چارەسەری بۆ کراو چاکبوویەوە.
د.داهات حەوێزی، پزیشکی پسپۆڕی هەناوی و بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی جمهوری سلێمانی لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاویکردووەتەوە، کە ئافرەتێکی ٤٥ ساڵ کە بەرزەفشاری خوێنی لەگەڵدا بووە نێدراوەتەوە قاوشی کۆرۆنا لە نەخۆشخانەی جمهوری، لە سەرەتاوە هەوکردنەکەی بە سەختی گرتبوو و ڕێژەی ئۆکسجینی زۆر دادەبەزی، سەرەڕای بەکارهێنانی ئۆکسجین و هەموو چارەسەرە دەرمانیەکان و دوو جار وەرگرتنی پلازما، بەڵام تەندروستی ڕۆژ بەڕۆژ خراپتر دەبوو.
د. داهات دەشڵێت" لە کۆتاییدا بڕیارمان دا دەرزی بەرگری بۆ بەکاربێنین(IV IG) کە بۆ بەشێکی کەمی نەخۆشەکان بەکاردێت، دوای وەرگرتنی ٥ جورعە لەم دەرمانە شوکور بۆخوا ووردە ووردە هەناسەی باش بوو، بە تەندروستیەکی زۆر باشەوە ناردمانەوە ماڵەوە".
لە کۆتایی پەیامەکەیدا ئەو دکتۆرە سوپاسی هەموو کارمەند و پزیشکە گەنجە دڵسۆزەکانی نەخۆشخانەی جمهوری سلێمانی دەکات و تکا دەکات" تکایە ماسک و دەستکێش بەکاربێنن، با بتوانین کۆنتڕۆڵی کۆڕۆنا بکەین".