زه‌ینه‌ب جه‌لالیان مانگێكه‌ مانی له‌ خواردن گرتووه‌

زەینەب جەلالیان، سەرەڕای ئەوەی کە گوازراوەتەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی شاری کرمان زیاتر لە یەک مانگە مانی لە خواردن گرتووە.

بەپێی راپۆرتی رێکخراوی هه‌نگاو بۆ مافه‌كانی مرۆڤ، زەینەب جەلالیان بەندکراوی سیاسی کورد 32 رۆژە مانی لە خواردن گرتووە و سەرباری گوازرانەوەی بۆ بەندیخانەی کرمان مانگرتنەکەی خۆی نەشکاندووە.

جەلالیان، لە رۆژی شەممە ٣٠ی ئایاری ٢٠٢٠ هاوڕێ لەگەڵ بەندکراوێکی دیکەی کورد بە ناوی سەکینە پەروانە لە بەندیخانەی قەرچەکی وەرامین مانگرتن لە خواردنی خۆیان راگەیاند، زەینەب خوازیاری گەڕاندنەوەی بۆ بەندیخانەی شاری خۆی بوو.

ئەو بەندکراوە سیاسییە رۆژی سێشەممە ٩ی بانەمەڕ، لە بەندیخانەی شاری خۆی بۆ بەندیخانەی قەرچەکی وەرامین گوازرایەوە و هەر لەوێش تووشی پەتای کۆرۆنا بوو.

زەینەب جەلالیان، کە سزای بەندکرانی هەتاهەتایی بە سەردا سەپاوە، هاوکات لەگەڵ شەشەمین رۆژی مانگرتنەکەی بە شێوەیەکی لە ناکاو بۆ دەرەوەی بەندیخانە گوازرایەوە و ئێستا لە بەندی قەرەنتینەی بەندیخانەی ناوەنیی شاری کرمان راگیراوە.

زەینەب جەلالیان، لەدایکبووی ساڵی ١٩٨٢وه‌، لە گوندی دیم قشلاقی ماکۆ لە ساڵی ١٣٨٧ی هەتاوییەوە بەبێ مافی مەرەخەسی لە بەندیخانەکانی حکومەتی ئێراندایە.

ناوبراو ساڵی ١٣٨٦ی هەتاوی لە کرماشان دەستبەسەر و مانگی سەرماوەزی ١٣٨٧ لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی کرماشانەوە بە سەرۆکایەتی دادوەر مورادی بە تۆمەتی بەزاندنی نایاسایی سنوورەکانی ئێران سزای ساڵێک بەندکران و هەروەها بە تۆمەتی دژایەتیی خودا "موحاریبە" لە رێگای ئەندامەتیی لە پارتی ژیانی ئازادی کوردستان "پژاک" سزای سێدارەی بەسەردا سەپا.

سزای سێدارەی زەینەب جەلالیان ساڵی ٨٨ی هەتاوی لەلایەن دیوانی بەرزی وڵاتەوە پشتڕاستکرایەوە و پاشان لە ساڵی ٩٠ و بەهۆی بەرکەوتنی لێبوردنی "خامنەئی"ـەوە بۆ زیندانی هەتایی کەم کرایەوە.

زەینەب جەلالیان لە کاتی دەستبەسەرکرانەوە تا سەرماوەزی ٩٣ی هەتاوی لە بەندیخانەی دیزڵاوای کرماشاندا راگیرا و تەنیا بۆ ماوەیەکی کاتی بۆ پێنج مانگ لە ساڵی ٨٨ی هەتاویدا بۆ بەندی٢٠٩ی گرتووخانەی ئێڤین لە تاران راگوێزرابوو.

ئەم بەندکراوە سیاسییە کوردە کە لە نێوان بەندکراوانی سیاسیی ژن لە ئێراندا قورسترین سزای بەسەردا سەپاوە، ساڵی ٩٣ی هەتاوی پاش هەوڵ و ماندووبوونێکی زۆری بنەماڵەکەی و بەدواداچوونی ئەوان و قبووڵکردنی داواکارییەکانیان لەلایەن دادستانی و ئیدارەی ئیتلاعاتەوە، بۆ بەندیخانەی خۆی راگوێزرا و لەو کاتەوە لەو بەندیخانەیە راگیرابوو، تا بانەمەڕی ئەمساڵ گوازرایەوە بۆ بەندیخانەی قەرچەکی وەرامین و پاش دوو مانگ لەوێشەوە بۆ بەندیخانەی کرمان گوازرایەوە.


AM:09:15:23/07/2020