لەكەركوك سێ‌ برا لەتەقینەوەكەدا كوژران، دوو براش سەربڕدران

‌وێنەی تەقینەوەکە
لەتەقینەوەكەی شەوی رابردووی گەرەكی واستی شاری كەركوك كە 12 كوژراو ‌و 29 برینداری لێكەوتەوە، سێ‌ برای كاسب لەنێو ریزی كوژراوەكاندایە، هاوكات هەر دوێنێ‌ لە گوندێكی نزیك ریاز تەرمی سێ‌ كەس بەسەر بڕدراوی دۆزرانەوە كە دوانیان بران.
شەپۆلێكی توندتیژی سەرلەنوێ‌ روویكردۆتە پارێزگای كەركوك، شەوی رابردوو بەپێی زانیاریی سەرچاوەیەكی ئەمنی لەو 12 كوژراوەی كەبوونە قوربانی تەقینەوەكەی گەڕەكی واست سێ‌ برای یەك خێزانی تیایە كە كاسبیان كردووە لەشوێنی رووداوەكە.
هەروەها بەپێی زانیارییە ئەمنییەكان بەیانی ئەمڕۆ شەممە 24 ی ئایار لە نزیك گوندی "سەعدونییە”ی سەربە ناحییەی ریاز تەرمی سێ كەس دۆزراوەنەتەوە كە ئاسەواری ئەشكەنجە بە جەستەیانەوە دیارە‌و سەربڕدراون.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە ئەو سێ كەسە دوانیان بران‌و لەلایەن ژمارەیەك چەكدارەوە كە جلوبەركی سەربازییان لەبەردابووە لە ماڵەكانی خۆیاندا لە گوندی سەعدونییە رفێندراون كە یەكێك لە دوو براكە سەربازی فیرقەی 12 یە.
ماڵپەری (كەركوك ناو) یش كە ماڵپەرێكی تایبەت بەكەركوكە ئەو زانیاریانەی پشتڕاستكردەوە.
 




AM:10:40:25/05/2014