ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ڕایدەگەیەنێت" دەیان بەندكراو لە بەندیخانەی ناوەندیی مەهاباد تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون و لە هەموو جۆرە خزمەتگوزارییەكی تەندروستی بێبەش كراون".
ڕێکخراوی هەنگاو بۆ مافەكانی مرۆڤ رایگەیاند" زیاتر لە سەد بەندکراوی ڕاگیراو لە بەندی ٤ و ٦ی بەندیخانەی ناوەندیی مەهاباد لە ماوەی چەند حەفتەی ڕابردوودا تووشی پەتای کۆرۆنا بوون و لە هەر جۆرە خزمەتگوزارییەکی تەندروستی و دەرمانی بێبەش کراون".
رێكخراوەكە لە زاری سەرچاوەیەكی ئاگادار بڵاویكردوەتەوە، دوای ئەوەی بەرپرسانی بەندیخانە داوایان لە بەندکراوانی ڕێگاباز (ئەو بەندکراوانەی کە جاروبار خۆیان بە بەندیخانە دەناسێنن و دواتر دەڕۆنەوە ماڵی خۆیان) کردووە کە بگەڕێنەوە بۆ بەندیخانە، بەشێکیان تووشی پەتای کۆرۆنا بوون و هەر ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی بە شێکی زۆری بەندکراوەکان تووشی ئەو پەتایە بن.
ئاماژەی بەوەشکردووە" لانیکەم سەد بەندکراو تووشی پەتای کۆرۆنا بوون کە باری تەندروستی بەشێکیان ناجێگیرە و بەو حاڵەش بەرپرسانی بەندیخانە نەک هەر نەیانیان بردووە بۆ ناوەندە دەرمانییەکانی دەرەوەی بەندیخانە، بەڵکوو لە هەر جۆرە خزمەتگوزارییەکی تەندروستی و دەرمانی بێبەش کراون".
بەگوێرەی رێكخراوی هەنگاو بۆ مافەكانی مرۆڤ، لە بەندی ٤ و ٦ی بەندیخانەی ناوەندیی مەهاباد بەندکراوان بە پێی تۆمەتەکانیان جیا نەکراونەتەوە و بەندکراوانی سیاسی، مەزهەبی، بەندکراوانی تایبەت بە تاوانە مەترسیدارەکان و تاوانەکانی پەیوەندیدار بە ماددە سڕکەرەکان ڕاگیراون.
بەپێی ئامارێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە سەرەتای وەرزی بەهارەوە لانیکەم ٩ بەندکراو لە بەندیخانەکانی ئورمیە و کامێران بەهۆی تووشبوون بە پەتای کۆرۆنا گیانیان لە دەست داوە.