ژنه بهندكراوێكی سیاسی كورد له بهندیخانهی ئورمیه مانی له خواردن گرت
شاناز سادقی فەڕ بەندکراوی سیاسی کورد لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە ڕاگیراوە و لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا حوکمی ١٥ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپا، مانی لەخواردن گرتووە.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاویکردەوە، شاناز سادقی فەڕ، بەندکراوی سیاسی کورد کە لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە ڕاگیراوە، لە ڕۆژی سێشەممە (٢٨ی تەمووزی ٢٠٢٠)، بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕێن بە سەپاندنی حوکمی ١٥ ساڵ بەندکران لەلایەن دەزگای دادوەریی حکوومەتەوە، مانی لە خواردن گرتووە.
شاناز (بێریڤان) سادقیفەر ڕۆژی (٢١ی تەمووز) لەلایەن لقی دووهەمی دادگای شۆڕشی ئورمیە بە سەرۆکایەتی دادوەر شەیخلوو موحاکمە و بە تۆمەتی "ئەندامەتی لە پارتی ئازادی کوردستان (پاک)" حوکمی ١٥ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپێندرا، ناوبراو لە ڕەوتی دانیشتنی دادگا لە مافی هەبوونی پارێزەر بێبەش بووە.
یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی سادقیفەڕ هەنگاوی ڕاگەیاندووە" شاناز مانگی خەرمانانی ساڵی ڕابردوو دوای ئەوەی لە پارتی ئازادی کوردستان جیابووەتەوە لە ئیدارەی ئیتلاعات ئەماننامەی وەرگرتووە و دواتر لە سنووری بانەوە گەڕاوەتەوە ئیران و لە کاتی دەستبەسەر کران بەڵێنییان پیدابوو کە تەنیا چەند ڕۆژ دەستبەسەر دەکرێت، بەڵام ١١ مانگە دەستەبسەر و ئێستاش حوکمی ١٥ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپاوە و هەر بەو هۆیەش مانی لە خوارن گرتووە".
جێگای ئاماژەیە کە شانازی سادقیفەڕ ماوەی سێ ساڵ ئەندامی پارتی ئازادی کوردستان بووە و دژ بە ڕێکخراوی داعش شەڕی کردووە و لە شەڕانەش بریندار بووە و ئێستاش دوو پارچە ئاسن لە سەر دڵی ناوبراوە و پیویستی خێرای بە چارەسەریی پزیشکی هەیە. ناوبراو لە ماوەی ١١ مانگی ڕابردوودا لە هەر چەشنە خزمەتگوزارییەکی پزیشکی بێبەش بووە.
شاناز سادقیفەڕ پێشتر بۆ ماوەی سێ ساڵ ئەندامی پاک بووە و خەرمانانی ساڵی ڕابردوو دوای جیابوونەوە لەو حیزبە هاوڕێ لەگەڵ کچە تەمەن ١٧ ساڵانەکەی بە ناوی (ئایناز زارع) گەڕایەوە ئێران و هەردوویان لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کران.
ئایناز زارع، کچی شاناز لە لایەن دادگای تایبەت بە منداڵانەوە دادگایی کراوە و هێشتا حوکمەکەی پێ ڕانەگەیدنراوە.
AM:11:55:31/07/2020