وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێم هاوردەکردنی تەماتەی لەدەرەوە قەدەغە کرد، لەپێناو ساغکردنەوەی بەرهەمی ناوخۆیی.
بێگەرد تاڵەبانی وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكومەتی هەرێمی کوردستان لە نوسراوێكدا كە ئەمڕۆ دووشەممە، ئاڕاستەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی گومرگی كردوە رایگەیاندووە" پاڵپشت بەیاسای پاراستن و پێشخستنی بەروبومی كشتوكاڵی ژمارە 4ی ساڵی 2008، پاڵپشت بەنووسراوی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران ژمارە (6547) لەبەرواری 22ی 10ی 2014 تایبەت بەپاراستنی بەرهەمی خۆماڵی، بڕیاریاندا بەقەدەغەكردنی هاوردەكردنی بەروبومی تەمامەت لەدەرەوەی وڵات لە ڕێكەوتنی 27ی ئابی 2020 بۆ كاتێكی نادیار".
هەر لەنووسراوەكەدا هاتووە، تەنها رێگە بەو بەروبومانە دەدرێت كە مۆڵەتی هاوردەكردنیان وەرگرتووە تا دەرچوونی ئەم نووسراوە بەڕەچاوكردنی وەرگرتنی باج لێیان بەپێی خشتەی باجی ئەمساڵ (نابێت هیچ مۆڵەتێكی نوێی هاوردەكردن بدرێت لەدوای دەرچوونی ئەم نووسراوەمان).
لەلایەکی ترەوە بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێم لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر نووسیویەتی" لە پێناو پاراستنی بەرهەمی جوتیارانی پێنجوێن و حاجی ئۆمەران و باقی جوتیارانی کوردستان کە لەئێستادا بەرهەمیان پێگەیشتووە، سەرەڕای زیادکردنی باج بە 600 دینار بۆ هەر کلیۆیەک تەماتە، بڕیارماندا بە قەدەغەکردنی تەماتە بۆ کاتێکی نادیار".