ژووری هەڵبژاردنی گۆڕان هەر رۆژەی ژمارەیەك لێدەدات

لەتەواوبوونی هەڵبژاردنی پارێزگاكانی هەرێم‌و پەرلەمانی عێراقەوە لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنی پارێزگاكان ژووری هەڵبژاردنی بزوتنەوەی گۆڕان، هەر رۆژەو ژمارەیەك لەسەر دەنگەكانی خۆی بڵاودەكاتەوە.

لەكاتێكدا زۆر ناوەندی رۆشنبیری‌و رۆژنامەوانی پارێزگای سلێمانی لەو باوەڕەدان كە كاری ساختەكاریی لەئەنجامی دەنگدانی پارێزگای سلێمانیدا كراوە، بەڵام چەند جارێكە ژووری هەڵبژارنی بزوتنەوەی گۆڕان زانیاریی جیاجیا بڵاودەكاتەوە.

بە پێی زانیارییەكانی ئەو ژوورە كە دوێنێ لەكاتی تۆماركردنی داوای یاسایی لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەكان لە هەولێر بڵاویانكردەوە، ئاماژەیان بەوەكرد كە ساختەكاریی لەسەر زیاتر لە 14 هەزار دەنگ كراوە. رۆژی پێنجشەممەی رابردوو 22/5 لەكاتی راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەكاندا ژووری هەڵبژاردنی بزوتنەوەكە ئاماژەی بەوەكرد كە ساختەكاری لە زیاتر لە 17 هەزار دەنگیاندا كراوە.

رۆژانی دوای 30ی نیسانیش، ژووری ناوبراو ئاماژەی بەوە دەكرد كە زیاتر لە 91 هەزار دەنگ لەپێش یەكێتی نیشتمانی كورستانەوەن.

بە پێی زانیارییەكانی سپی میدیا، دوا زانیاریی ئەو ژوورە كە دراوە بە رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان، دەنگەكانی گۆڕان بە 637 هەزار‌و 373 دەنگ كە دەكاتە 43%ی دەنگەكانی سلێمانی خەمڵێنراوە، هاوكات دەنگەكانی یەكێتی بە پێی ئەو ئامارەی خراوەتە بەردەستی رێكخەر 550 هەزار‌و 282 دەنگە كە دەكاتە رێژەی 32%ی دەنگەكانی سلێمانی. (ئەم ئامارانە لە سایتی سبەی زمانحاڵی بزوتنەوەی گۆڕانیش بڵاوكراوەتەوە).




PM:05:21:29/05/2014