ئەمڕۆ یەك شەممە ٦ی ئەیلول لە شاری سلێمانی پڕۆژەی بە هەرێمكردنی پارێزگای سلێمانی ڕاگەیەندرا.
بەیار عومەر سەرپەرشتیاری دەستەی بە هەرێمکردنی پارێزگای سلێمانی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە سەرای سلێمانی ناو سەنتەری شاری سلێمانی، ڕایگەیاند " دەستەیەکمان دامەزراندووە کە لە ڕێگەیەوە پاڵپشتی بۆ پڕۆژەکە و چۆنێتی پرۆژەکە بە خەڵک دەناسێنێت، تاوەکو بتوانین پارێزگای سلێمانی والێبکەین ببێتە هەرێمێکی جیاواز و سەربەخۆ."
سەرپەرشتیاری دەستەی بەهەرێمکردنی سلێمانی دەڵێت، "لە ڕێگەی بە هەرێمکردنی سلێمانییەوە دەتوانین هەریەکە لە پارێزگای هەڵەبجە، سلێمانی و ئیدارەی ڕاپەڕین و گەرمیان وەک چوار پارێزگا دابنرێن و دەسەڵاتی دارایی و کارگێڕی تەواو بدرێت بە پارێزگاکان".
نابراو وتیشی "پڕۆژەکە پاڵپشت بە دەستووری عێراق دانراوە کە لایەنی کوردی بەشداربوون لە نوسینەوەیدا و تێیدا ڕێگەدراوە بەسەرجەم پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان داوای بە هەرێم بوون بکەن و وەک هەرێمێکی جیاواز مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت".
بەیار عومەر ئاشکرای کرد، لە قۆناغی یەکەم داواکردنی بەهەرێم کردنە کە لە سنووری سلێمانی یەک ملیۆن و 500 هەزار دەنگدەر هەیە، دەبێت لەوژمارەیە ڕێژەی %2 کە دەکاتە 30 هەزار دەنگدەر واژوو کۆبکەنەوە و داوای بەهەرێم کردنی سلێمانی بکەن.
قۆناغی دووەمیشی لەلایەن کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆیی هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە دەکرێت کە ڕاپرسی دەکەن و دەبێت 50+1ی دەنگەکان بەدەستبهێنێت.