ئەندامێكی داواكاری گشتی لەسەر فەرمانەكەی وەزارەتی رۆشنبیری بۆ سانسۆری چاپكردنی كتێب هاتە دەنگ و دەڵێت" سەرپێچی دەستورو یاسایە و پاشەكشێیە لەو ئازادی چاپەمەنییە لە كوردستان هەیە"، داواش لە سەرۆكی داواكاری گشتی دەكات رێكاری یاسایی بگرێتەبەر بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو فەرمانە.
د. محەمەد عەلی رێكانی، ئەندامی داواكاری گشتی لە نوسراوێكدا كە ئاڕاستەی سەرۆكی داواكاری گشتی و دەستەی مافی گشتی كردوە، ئاماژەی بەوەکردووە" ئاگادارن كە بەپێی دەستوری عێراق ئازادی چاپەمەنی فەراهەم كراوەو یەكێكە لە بنەما دەستورییەكان كە نابێت سەرپێچی بكرێت".
ئەو ئەندامەی داواكاری گشتی سەبارەت بە فەرمانەكەی وەزارەتی رۆشنبیری دەڵێت" وەزارەتی رۆشنبیری..فەرمانكی وەزاری دەركردوە كە سەرپێچی دەستورو یاسایە بەوەی بڕیاری داوە بە پێكهێنانی لیژنەیەك بۆ هەڵسەنگاندن و پێداچونەوە بە چاپەمەنییەكان پێش پێدانی رەزامەندی بڵاوكردنەوەیان، ئەمەش سانسۆرخستنە سەر ئازادی بڵاوكراوەكان و پاشەكشێیە لەو ئازادی رۆژنامەگەری و چاپەمەنییەی تا ئێستا هەبوە لە كوردستان".
لەكۆتاییشدا داوا دەکات كە، وەك ئەركی داواكاری گشتی لە پاراستنی سیستمی دیموكراتی و چاودێری مەشروعیەتی بڕیارەكان، رێكاری یاسایی بگرنەبەر بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو فەرمانەی وەزارەتی رۆشنبیری.