هەرێم‌ و بەغدا لەبارەی پرسی شەنگال رێککەوتن

وتەبێژى نوسینگەى سەرۆک وەزیرانى عێراق رێککەوتنى هەرێم و بەغداى لەبارەی پرسى قەزاى شەنگال راگەیاند و دەڵێت" لەمەودوا دەسەڵاتی حکومەتی فیدراڵی لە قەزای شنگال بەهێز دەکرێت".

 

ئەحمەد مەلا تەلال وتەبێژی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە تویتێکدا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر ڕایگەیاند" مستەفا کازمی سەرۆک وەزیران چاودێری ڕێککەوتنێکی مێژوویی کردووە، بۆ بەهێزکردن و چەسپاندنی دەسەلاتی حکومەتی فیدراڵی لە قەزای شنگال بە گوێرەی دەستور لەسەر هەردوو ئاستی ئیداری و ئەمنی، ئەو هەنگاوە کۆتایی دەهێنێت بە دەسەڵاتی ئەمنی گروپە بێگانە و نەناسراوەکان و سەرەتایەکیش دەبێت بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی شارەکە و گەڕانەوەی دانیشتوانەکانی بە تەواوی، ئەو هەنگاوەش بە هەماهەنگی لەگەل حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت، هاوکار دەبێت بۆ دوبارە بونیاتنانەوەی شارەکە و گەڕانەوەی دانیشتوانە رەسەنەکەی بۆ ناوچەکانیان".

 

ئه‌مرۆ هه‌ینی‌، وه‌فدی‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌سه‌رۆكایه‌تی رێبه‌ر ئه‌حمه‌د، وه‌زیری ناوخۆی هه‌رێم گه‌یشته‌ به‌غداو دواتر له‌گه‌ڵ قاسم ئه‌عره‌جی، راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق كۆبونه‌وه‌.

دواتر وه‌زیری ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ مسته‌فا كازمی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق كۆبوه‌وه‌، به‌مه‌به‌ستی واژۆكردنی رێكه‌وتنی كۆتایی له‌باره‌یی ئاساییكردنه‌وه‌ی دۆخی شنگال.

 

شاری شەنگال شارێکی کوردیەو دەکەوێتە خۆرئاوای کوردستانی باشور، ئەم شارە سەر بە پارێزگای نەینەوایە  سەد و بیست١٢٠ کیلۆمەتر لە ناوەندی شاری موسڵ دوورە. شارەکە پێگەیەکی ستراتیجی گرنگی هەیە هاوسنورە لەگەڵ وڵاتی سوریا دەکەوێتە نێوان چوار قەزاوە ئەوانیش (ڕەبیعە، عیاز تەلەعفەرو قیروان).

مێژووی شاری شەنگال دەگەڕێتەوە بۆ هەزاران ساڵ، ئەم شارە بەهۆی پێگەی گرنگی بەدریژایی مێژوو جێگای ناکۆکی هێزەکانی ناوچەکە بووە چەندین جار ڕووبەڕوی ڕوخان و خاپورکردن بۆتەوە،  لە ئەنجامی کۆمەڵکوژی رێکخراوی چەکداری داعش دژی ئێزدییەکان کە لە ٣ی ئابی ٢٠١٤ ئەنجامیدا نزیکەی ٣١٠ هەزار هاوڵاتی ئێزدی ئاوارەبوون، هەروەها تا ئێستا هەزار و ٢٩٣ کەس شەهیدبوون.




PM:07:30:09/10/2020