خۆبەڕێوەبەری شەنگال دژی رێککەوتنی نێوان بەغدا و هەرێم لەسەر شەنگال دەوەستێتەوە



ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەریی دیموكراتی شنگال، لەبارەی ڕێككەوتنی نێوان هەرێمی كوردستان و عیراق ڕایدەگەیەنێت" بۆ ئەوەی ئەم گفتوگۆیانە بگەنە ئەنجامی خۆیان، پێویستە وەك لایەنی سەرەكیی بە بنەما بگیرێن و بناسرێن، لە دەرەوەی ئەمە هیچ گفتوگۆ و دانوستانێك قبوڵ ناكرێت".


لە راگەیەندراوێکدا ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەریی دیموكراتی شنگال ڕایگەیاند، “پێش ساڵی 2014 ئیرادە و سیاسەتی پارتەكان بەسەر ئێزدیاندا دەسەپێنرا، بەڵام ئەوە تێپەڕیوە، نە كۆمەڵگا وەك پێشووە و نە كاتەكەش ئەو كاتەیە”.


لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە “وەك خۆبەڕێوەبەریی شنگال چاودێریی دۆخەكە دەكەین، لەوانەش گۆڕانكارییەكانی نێوان بەغدا و هەولێر لەسەر ناوچە دابڕێندراوەكان، دواجاریش ڕێككەوتنی ٩ی ئەم مانگە، چەند ڕێككەوتنێك لەسەر شنگال كرا، بەبێ وەرگرتنی ڕای ئێزدیان و پێكهاتەكان و خەڵكی شنگال، بەڵام هیچ گفتوگۆ، چارەسەری و پڕۆژەیەك بۆ شنگال بێ ئەوەی ڕای ئێزدیان تێدا بە بنەما بگیرێت، بێ ئەنجام دەبێت”.


لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەریی دیموكراتی شنگال جەخت دەکاتەوە “هیچ گۆڕانكاریی و گفتوگۆیەك، كە تێیدا نەبین، قبوڵ ناكەین، بۆ ئەوەی ئەم گفتوگۆیانە بگەنە ئەنجامی خۆیان، پێویستە وەك لایەنی سەرەكی بە بنەما بگیرێین و بناسرێین، لە دەرەوەی ئەمە هیچ گفتوگۆ و دانوستانێك قبوڵ ناكرێت، ئەم چارەسەرییە دەبێت بە گوێرەی ڕاستینەی شنگال و پێكهاتەكانی بێت”.
 



PM:10:54:10/10/2020