گۆڕان‌و یەكێتی داوا دەكەن دانیشتنەكەی پەرلەمان لەگەڵ نێچیرڤان كراوەبێت

‌لۆگۆی گۆڕان‌و یەكێتی
هەریەكە لە فراكسیۆنی گۆڕان‌و فراكسیۆنی یەكێتی لەپەرلەمانی كوردستان، داوا دەكەن كۆبوونەوە چاوەڕوانكراوەكەی سبەینێی نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ پەرلەمان، كراوەبێت‌و بۆ هەموو ئەندامانی پەرلەمان بێت.
بڕیارە سبەینێ‌ 4/6/2014 سەرۆكی‌ حكومەتی‌ كاربەڕێكەر و چەند وەزیرێك لە پەرلەمانی‌ كوردستان، بۆ پێشكەش كردنی‌ بۆچون‌و رونكردنەوەی‌ حكومەت سەبارەت بە قەیرانی‌ ئابوری‌‌و مووچەی‌ فەرمانبەران‌و دۆسیەی‌ نەوت، لەگەڵ سەرۆك‌و ئەندامانی هەردوو لیژنەی (وزەو سەرچاوە سروشتیەكان،  دارایی‌و ئابوری)پەرلەمان‌و دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان كۆببێتەوە.
پێشتر ئەندامێكی فراكسیۆنی یەكێتی بەخەندانی راگەیاند، داوایان كردووە كۆبوونەوەكەی پەرلەمان كراوەبێت.
ئەمڕۆش فراكسیۆنی گۆڕان لەرێگەی یاداشتێكەوە داوای سەرۆكایەتی پەرلەمان كردووە كە لە پێناو ئاگاداربونی‌ رای‌ گشتی‌ لە كارەكانی‌ پەرلەمان، رێڕەوی‌ دانیشتنەكە بۆ رای‌ گشتی‌ بڵاو بكرێتەوە.
هاوكات داوا دەكەن بە گوێرەی‌ پەیڕەوی‌ ناوخۆ و یاساو نەریتە كارپێكراوەكان، كەشێك بڕەخسێنێت كە دانیشتنەكە كراوە بێت بۆ هەمو ئەندامانی‌ پەرلەمان.




PM:12:25:03/06/2014