سەید ئەحمەد پێنجوێنی کەسایەتی ئاینی ناسراوی باشووری کوردستان هێرشێکی توند دەکاتە سەر ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا.
سەید ئەحمەد لە وتارێکی رۆژی هەینیدا هێرش دەکاتە سەر ماکرۆنی سەرۆکی فەرەنساو تۆمەتباری دەکات بەوەی هێرشی کردۆتە سەر " پێغەمبەری ئیسلام "، هەروەها لە پۆستێکیشدا داوای بایکۆتکردنی کاڵای فەرەنسی دەکات.
لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک سەید ئەحمەد نووسیوویەتی " هەرچەندە لەکوردستان بەکاربەری کاڵای فەڕەنسی کەمە بەڵام ئەگەر کەمیش بێ با میللەتی کوردی موسڵمانیش بەشداربێ لە بایکۆتی کاڵای فەڕەنسی کە کاڵای جێگرەوە لەبازاڕ زۆرە".
سەید ئەحمەد بەرزنجی بە دۆستی تورکیای ئۆردوغان ناسراوەو، هەڵوێستەکانی کە هەمیشە لایەنگری تورکیایە، بۆتە جێگەی رەخنە لەنێو رای گشتی خەڵکی کوردستاندا.
سەید ئەحمەد پێنجوێنی ناوی تەواوی سەید ئەحمەد عەبدولوەهابە، لە ساڵی ١٩٥٣ لە شارۆچکەی پێنجوێنی سەر بە پارێزگای سلێمانی لە دایکبووە، ساڵی ١٩٧٨ - ١٩٧٩ کۆلێژی شەریعەی لە بەغداد تەواو کردووە، لە ساڵی ٢٠٠٦ بروانامەی ماستەری بەدەستهێناوە، دواجاریش لە ساڵی ٢٠١٠ بڕوانامەی دکتۆرای وەرگرتووە، ئەندامی پێشوی پەرلەمانی عێراق بووە.
ماکۆرۆن و حیزب و گەلی فەرەنسا دۆستێکی دێرین و مێژوویی گەلی کوردە لە هەرچوار پارچەی کوردستان و هەڵوێستەکانی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی زۆربەی کات لەبەرژەوەندی گەلی کورد بووە.