نەوشیروان‌و نێچیرڤان پەیامنێری رووداون،گۆڕانیش باسی ناكات

ئەمرۆ نەوشیروان مستەفا‌و نێچیرڤان بارزانی كۆبوونەوەیەكی تایبەت‌و داخراویان ئەنجامدا، تەلەفزیۆنی رووداو یەكڕاست دوای كۆبوونەوەكە هەواڵێكی درێژی بڵاوكردەوە، میدیای گۆڕانیش كە ماڵی سەرۆكەكەیان چەند سەد مەترێك لێیانەوە دوورە هیچ هەواڵێكیان بڵاونەكردەوە، میدیاكارێك دەڵێت "رەنگە نەوشیروان مستەفا‌و نێچیرڤان بارزانی بووبن بە پەیامنێری روودا‌و ئەگیان چۆن دەقەیەك پاش تەوابوونی كۆبوونەوەكە رووداو ناوەرۆكەكەی بڵاوكردەوە".
پاشنیوەرۆی ئەمرۆ 5-6 بۆ چەند كاتژمێرێك لە ماڵی نەوشیروان مستەفا لە گردی عەلی ناجی لەسلێمانی ناوبراو لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی وەزیری سامانە سروشتییەکان ئاشتی هەوارامی دوور لەچاوی كامێراكان كۆبوونەوە، هەرچی میدیاكانی گۆڕانە بە ( پیتێكیش ) هەواڵێكیان لەسەر ئەم بابەتە بڵاونەكردەوە، میدیكارێكیش بە سپی میدیای راگەیاند "لەوەدەچێت ئەو دوو بەرێزە هەر بیری یەكیان كردبێت‌و بۆ چاخواردنەوەیەك یەكیان بینیبێت‌و بەهیچ جۆرێك بەلای سیاسیەتدا نەچووبن، بۆیە میدیاكانی گۆڕان هیچیان لەبارەی ئەو كۆبوونەوەیەوە بڵاونەكردەوە".
تەلەفزیۆن‌و ماڵپەری رووداویش دەماودەست پاش تەواوبوونی كۆبوونەوەكە هەواڵێكی درێژیان لەسەر كۆبوونەوەكە‌و ئەو بابەتە هەمەجۆرانەی باسكرابوون، بڵاوكردەوە، ئەو میدیاكارە كە لەبەر دۆستایەتی لەگەڵ هەردوو كەناڵدا داوای كردە ناوی ئاشكرانەكرێت، وتی " من نازانم رووداو ناوەرۆكی ئەو كۆبوونەوەیەی لەكوێوە دەستكەوت، تۆ بڵێی نەوشیروان مستەفا‌و نێچیرڤان بارزانی نەبووبن بە پەیامنێری ئەو تەلەفزیۆنە".  




PM:07:14:05/06/2014