په‌رله‌مانتارێك: به‌شێكی زۆری هاوڵاتیان له‌ نه‌وتی سپی بێبه‌ش ده‌بن

ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت" ئه‌مساڵیش به‌هه‌مانشێوه‌ی ساڵانی رابردو هاوڵاتیان له‌ نه‌وتی سپی بێبه‌ش ده‌بن، له‌كاتێكدا حه‌وت مانگ له‌مه‌وبه‌ر كێشه‌كه‌ به‌ ١٥ ملیۆن دۆلار چاره‌سه‌ر ده‌بوو". 

 

کاروان گەزنەیی، ئەندامی پەرلەمانی کودستان لە هەژماری تایبەتی خۆی لەتۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاویکردەوە، لە مانگی (٤)ی ٢٠٢٠ و بەر لە (٧) مانگ یاداشتێکی چارەسەرمان دا بە حکومەتی هەرێم بۆ چارەسەرکردنی دوو کێشەی سەرەکی لە هەرێم: یەکەمیان کێشەی نەوتی سپی ماڵان و دووەمیان کێشەی بەنزین. ئەوکات بە هۆی دابەزینی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهان و کەم بوونەوەی خواست لەسەر بەکارهێنانی نەوتی سپی، حکومەتی هەرێم دەیتوانی بە بڕی تەنها (١٥) ملیۆن دۆلار، نەوتی تەواوی هەرێمی کوردستان دابین بکات، بە ناوچە شاخاوییەکانیشەوە. هاوکات، دەیتوانی نرخی بەنزین، لە ٣٠٠-٤٠٠ دینار بۆ هەر لیترێک جێگیر بکات. 

 

ئەوەشی خستەڕوو، حکومەتی هەرێم لەبەر کەمتەرخەمی و نەبوونی پلان و گوێنەدان بە کێشەی هاوڵاتییان، ساڵانە هەموو کێشەکانی دووبارە دەبنەوە و نەیتوانییوە تەنانەت یەکێکییش لەم کێشانە چارەسەر بکات.

کاروانی گەزنەیی راشیگەیاند" لە هەرێمی کوردستان پێویستمان بە نزیکەی (٢٦٠) ملیۆن لیتر نەوتی سپی هەیە و  لەو بڕە، نزیکەی ٥٨ ملیۆن لیترمان تەنها بۆ ناوچە شاخاوییەکان پێویستە، لە کاتێکدا حکومەتی عێڕاق ساڵانە تەنها نزیکەی ٦٠ ملیۆن لیتر دەنێرێت و پێویستە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و دارایی ئەم کەمیەی کە هەیە پڕی بکەنەوە، بەڵام تا ئێستا هیچ هەنگاوێک لەو بارەویەوە نەهاوێژراوە، ئەمساڵیش وەکو هەموو ساڵەکانی دیکە هاوڵاتییان بێبەش دەبن لە نەوتی سپی، جگە لەو بڕەی کە لەلایەن بەغداوە دابین دەکرێت". 

ئەو ئەندامەی لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەکانی هەرێم راشیگەیاند" حکومەتێک نەتوانێت تەنها ١٥ ملیۆن دۆلار بۆ نەوت دابینبکات، لەکاتێکدا ڕۆژانە بەرپرسی دز و تاڵانچی هەیە زیاتر لە ملیۆنان دۆلاری لە یەک مانگدا دەست دەکەوێت لەژێر سایەی ئەم حکومەتە پیسخۆرەدا، چ گرنگییەکی هەیە؟". 




PM:10:30:23/11/2020