بانکی ناوەندی بەهای ١٠٠ دۆلار دەکات بە ١٤٥ هەزار

پەرلەمانتاری کورد لە پەرلەمانی عێراق، جەمال کۆچەر رایگەیاند" لە رۆژی یەکشەممەی داهاتووەوە بانکی ناوەندیی عێراق بەهای ١٠٠ دۆلاری ئەمریکی دەکات بە ١٤٥ هەزار دیناری عێراقی".

 
 
جەمال کۆچەر ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە ئەمڕۆ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق میوانداریی مستەفا غالب موخیف، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراقی کرد و گفتوگۆ کرا لەبارەی کۆمەڵێک پرسەوە، لەوانەش بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار بەرامبەر دیناری عێراقی.

 
 
جەمال کۆچەر کە ئامادەی کۆبوونەوەکە بووە، بە رووداوی راگەیاندووە" پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق پێی گوتوون، لە هەفتەی داهاتووەوە بەهای دۆلار بەرز دەکەنەوە و بەرزکردنەوەکەش لەسەر پێشنیازی بانکی دراوی نێودەوڵەتی و بانکی نێودەوڵەتییە".

 
 
هاوکات فازڵ نەبی، بریکاری پێشووی وەزیری دارایی حکومەتی عێراق جەختیکردەوە کە بانکی ناوەندیی عێراق بەهای هەر دۆلارێکی بە ١٤٥٠ دیناری عێراقی پەسندکردووە، بەڵام کاتێک دەخرێتە بازاڕ و تاوەکو دەگاتە دەستی هاووڵاتییان دەکرێت ئەو نرخە بۆ ١٦٠٠ دینار بەرزببێتەوە، واتە هەر ١٠٠ دۆلارێک بەرامبەر دەبێت بە ١٦٠ هەزار دینار.
 


بریکاری پێشووی وەزیری دارایی عێراق ئاماژەی بەوەش کرد، بەدووری دەزانێت بەهای دۆلار جارێکی دیکە نزم ببێتەوە.

 



PM:11:42:17/12/2020