وەزیری پەروەردە کۆبوونەوەیەکی فراوان لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی وەزارەتدا دەکات بەمەبەستی تاوتێکردن بۆ بڕیاردان لەسەر دەستپێکردنەوەی خوێندن.
ئەمڕۆ شەممە ١٩ ی کانوونی یەکەم، وەزیری پەروەردەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، بەیاوەری ڕاوێژکاران و بەڕێوبەرە گشتییەکانی پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک و سلێمانی و هەردوو ئیدارەی راپەڕین و گەرمیان و بەڕێوەبەری پەروەردەی قەزاکان لە هۆتێل دیدەمانی شاری هەولێر بەمەبەستی تاوتوێکردنی خوێندن و دوا پێشهاتەکانی ئەو بوارە.
لە ڕاگەیەندراوێکدا وەزارەتی پەروەردە ڕایگەیاند، " کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە تاوتوێکردنی پلانی وەزارەت بۆ کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای رووبەروبوونەوەی کۆرۆنا و چۆنیەتی دەست پێکردنەوەی پرۆسەی خوێندن لە قوتابخانەکانی هەرێمی کوردستان".
بەپێی زانیارییەکانی سپی سەرەتای ساڵی نوێ جارێکی تر وەزارەتی پەروەردەو وەزارەتی تەندروستی و لیژنەی رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا لەسەر دوا دراوەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا کۆدەبنەوە بۆ بڕیاردان لەسەر کردنەوەی دەرگاکانی قوتابخانەکان.