سەبارەت بە دۆخی موسڵ
په‌رله‌مانی‌ كوردستان راگەیاندنێك بڵاودەكاتەوە

پاش ئاڵۆزییەكانی پارێزگای نەینەوا‌و كۆنترۆڵ كردنی شاری موسڵ لەلایەن گروپی داعش، پەرلەمانی كوردستان لە راگەیانراوێکدا داوادەكەات لەگەڵ دۆخەكەی بەرپرسیارانە مامەڵە بكرێت.

دەقی راگەیەنراوەكە:

 
بۆ /  ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراق
            رێكخراوی‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان
        یه‌كێتیی‌ په‌رله‌مانی‌ عه‌ره‌بی‌
              یه‌كێتیی‌ په‌رله‌مانی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌
        په‌رله‌مانی‌ یه‌كێتیی‌ ئه‌وروپا

خه‌ڵكی‌ عێراق به‌ هه‌موو پێكهاته‌ نه‌ته‌وه‌یی‌ ‌و ئاینییه‌كانیه‌وه‌ به‌ ئومێده‌وه‌ له‌ ساڵی‌ 2003 ه‌وه‌ به‌ره‌و پرۆسه‌ی‌ ئازادی‌ ‌و كۆتاییهێنان به‌ حوكمی‌ شمولی‌ – دیكتاتۆری‌ چوون، كه‌ گه‌لانی‌ عێراق له‌ سایه‌یدا رووبه‌ڕووی‌ تاوانی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ بووبوونه‌وه‌.
دواتر به‌ هاوكاریی‌ كۆمه‌ڵگای‌ نێوده‌وڵه‌تی‌، گه‌لانی‌ عێراق بوونه‌ خاوه‌ن ده‌ستوورێكی‌ شایسته‌، به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌كی‌ ناڕه‌وا‌و له‌ بری‌ كاركردن به‌ چه‌مكه‌ مرۆڤدۆستی‌ ‌و دیموكراسییه‌كان كه‌ له‌ ده‌ستووردا هاتووه‌، به‌ پاساوی‌ جۆراوجۆره‌وه‌ كێشه‌ی‌ نه‌ژادی‌ ‌و ئاینی ‌و مه‌زهه‌بییه‌كان په‌ره‌ی‌ پێدراو ده‌سه‌ڵاتی‌ ئیتیحادیش هاوكارێكی‌ جدی‌ ‌و بابه‌تیانه‌ نه‌بوو بۆ تێگه‌یشتن له‌ ره‌وشی‌ ئاڵۆزی‌ تیرۆر ‌و كاردانه‌وه‌ ناوخۆییه‌كانی‌ گرووپ ‌و لایه‌نه‌ به‌شه‌ڕهاتووه‌كان.
به‌ درێژایی‌ 10 ساڵی‌ رابردوو كۆمه‌ڵگای‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ له‌ ئه‌نجوومه‌نی‌ ئاسایش ‌و نوێنه‌ری‌ سكرتێری‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ عێراق ‌و په‌رله‌مان ‌و رێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی‌ تر ‌و ده‌وڵه‌تانی‌ دۆست، كۆششی‌ زۆریان كرد تا ئاشتی ‌و دیموكراسی‌ له‌ عێراقدا به‌رجه‌سته‌ بێت، به‌ڵام به‌شێك له‌ ئاڕاسته‌كان ‌و ده‌ستوه‌ردانی‌ ناڕه‌وای‌ ده‌ره‌كی‌ هاوجووت نه‌بوو له‌گه‌ڵ ده‌ستوور ‌و دامه‌زراندنی‌ بناغه‌ی‌ عێراقێكی‌ نوێ‌، هه‌رێمی‌ كوردستانی‌ عێراقیش له‌ زووه‌وه‌ ئه‌و مه‌ترسییه‌ی‌ خسته‌ روو كه‌ ره‌وه‌شی‌ حوكمڕانیی‌ عێراق به‌ ئاقارێكی‌ نادروستدا ده‌ڕوات.
به‌ڕێزان..
ئێستا عێراق له‌ رووی‌ دامه‌زراوه‌یی‌ ‌و شه‌ڕی‌ تیرۆره‌وه‌ به‌ مه‌ترسییه‌كی‌ زۆر ترسناكدا تێپه‌ڕ ده‌بێت، رۆژانه‌ گرفت ‌و كێشه‌كان قووڵتر ده‌بنه‌وه‌ عێراق به‌ره‌و ده‌وڵه‌تێكی‌ فاشیل ده‌چێت، داواكارین كه‌ كۆمه‌ڵی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ له‌ به‌رامبه‌ر عه‌قڵیه‌تی‌ سیاسیی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ ئیتیحادی‌ ‌و ده‌ستتێوه‌ردانی‌ ناڕه‌وا و پێشێلكردنی‌ ده‌ستوور و رێككه‌وتننامه‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ و ناوخۆییه‌كان هه‌ڵوێستی‌ ئه‌رێنی‌ نیشان بده‌ن و به‌رپرسانه‌ به‌رامبه‌ر به‌ چه‌سپاندنی‌ ئاشتی‌ له‌ عێراقدا هه‌ڵوێست بنوێنن.
لای‌ به‌ڕێزتان ئاشكرایه‌ كه‌ به‌هۆی‌ شه‌ڕه‌كانی‌ ئه‌مدواییه‌ی‌ رومادی‌ و فه‌لوجه‌ و دیاله‌ و ئێستاش له‌ موسڵ و ناوچه‌كانی‌ تر رووده‌دات پێشێلكاری‌ مافه‌كانی‌ مرۆڤ و كاره‌ساتی‌ زۆر ترسناكی‌ لێده‌كه‌وێته‌وه‌، به‌شێوه‌یه‌ك ئاشتی‌ و ئارامی‌ و ئاسایشی‌ ناوچه‌كه‌ ده‌خاته‌ مه‌ترسییه‌وه‌، ئه‌و عێراقه‌ی‌ كه‌ ئومێدی‌ پێكهاته‌كانی‌ بوو ئێستا به‌ره‌و داڕمان ده‌ڕوات.
بۆیه‌ داوا له‌ به‌ڕێزتان ده‌كه‌ین كه‌ به‌ دیبلۆماسییه‌ت و به‌رپرسیاریه‌تییه‌وه‌ له‌ رووی‌ مه‌یدانی‌ و عه‌مه‌لیه‌وه‌ پشتگیری‌ پێشكه‌شی‌ گه‌لانی‌ عێراق بكه‌ن ‌و هاوكاری‌ گه‌لانی‌ عێراق ‌و هه‌رێمی‌ كوردستان بن بۆ تێپه‌ڕاندنی‌ قۆناغی ترس ‌و تیرۆر ‌و تۆقاندن. هه‌روه‌ها داوا له‌ هه‌موو رێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان ئه‌كه‌ین كه‌ به‌ هانای‌ لێقه‌وماوان ‌و ئاواره‌كانی‌ ئه‌م ته‌نگژه‌یه‌وه‌ بچن.
ئێمه‌ له‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان به‌ وردی‌ چاودێریی‌ ئه‌و ره‌وشه‌ كاره‌ساتباره‌ ئه‌كه‌ین كه‌ له‌پارێزگاكانی‌ دراوسێی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان دروستبووه‌، لیژنه‌كانی‌ كاروباری‌ پێشمه‌رگه‌ ‌و شه‌هیدان ‌و قوربانیانی‌ جینۆساید، ناوخۆ ‌و ئاسایش ‌و ئه‌نجومه‌نه‌ خۆجێییه‌كان، مافه‌كانی‌ مرۆڤی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستانیشمان راسپاردووه‌ كه‌ به‌دواداچوون بۆ كێشه‌كانی‌ هاونیشتیمانیانمان له‌ ناوچه‌ كاره‌ساتباره‌كان ئه‌نجام بده‌ن. هه‌روه‌ها چاوه‌ڕێی‌ ئه‌وه‌ین كه‌ هه‌ریه‌ك له‌ حكومه‌تی‌ فیدرالیی‌ عێراق ‌و حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان به‌رپرسیارییه‌ته‌كانیان سه‌باره‌ت به‌م ره‌وشه‌ جێبه‌جێ بكه‌ن.


                                                                                        سه‌رۆكایه‌تیی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان
                                                                                                                   10/6/2014




PM:03:42:10/06/2014