نێچیرڤان‌ لەکۆبوونەوەی لەگەڵ ئاکاردا داوا دەکات بۆ بەرگرتن لەهەڕەشەکردن لەتورکیا عێراق دەوری خۆی ببینێت

نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم لەکۆبوونەوەی لەگەڵ ئاکاردا بەبێ ناوهێنانی ناوچەکە، کە ئاماژەیەکی ناراستەوخۆیە بۆ شەنگال، دەڵێت" ناکرێت خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان وەک پێگەیەک بۆ هەڕەشەکردن لە تورکیا بەکار بهێنرێت و هیوای خواست لەمبارەیەوە عێراق ئەرکی خۆی جێبەجێ بکات".

لەو کۆبوونەوەکانیدا کە ئەمڕۆ لەسەردانەکەیدا بۆ هەرێم، خلوسی ئاکار ئەنجامیدا، لەگەڵ هەریەک لە مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی و مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت و نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمدا بەجیا کۆبوەوە، لە راگەیاندنی کۆبوونەوە لەگەڵ نێچیرڤان بارزانیدا هاتووە" لە کۆبوونەوەیەکدا باس لە سەردان و دیدارەکانی وەزیری بەرگریی تورکیا لە بەغدا و هەولێر کرا و هەردوولا جەختیان لە پاراستنی ئارامی و سەقامگیری لە ناوچەکە و گرنگیی هاوکاری و هەماهەنگیی عێراق و هەرێمی کوردستان لەگەڵ تورکیا بۆ پارستنی سەقامگیریی ناوچەکە کردەوە".

هەروەها لە راگەیاندنێ سەرۆکایەتی هەرێمدا هاتووە "  نێچیرڤان بارزانی وێڕای سوپاسکردنی تورکیا بۆ هاوکارییەکانی لە شەڕی دژی داعشدا بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان، دووپاتی کردەوە کە ناکرێت خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان وەک پێگەیەک بۆ هەڕەشەکردن لە تورکیا و وڵاتانی دراوسێ بەکار بهێنرێت و هیوای خواست لەمبارەیەوە عێراق ئەرکی خۆی جێبەجێ بکات، هەروەها شاندی میوانی دڵنیا کردەوە کە هەرێمی کوردستان وەک هەمیشە فاکتەرێکی ئارامی و سەقامگیریی ناوچەکە دەبێت".

لە کۆتایشدا هاتووە " پەرەپێدان بە پەیوەندییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان لەگەڵ تورکیا لە هەموو بوارەکاندا، پەیوەندییەکانی ھەولێر ـ بەغدا و کێشەکانی بەردەم پرۆسەی سیاسی و شەڕی داعش، بوارەکانی هاریکاری و هەماهەنگیی نێوان هەردوولا، دۆخی ناوچەکە بەگشتی، ڕێککەوتنی شەنگال و گرنگیی جێبەجێکردنی، گرنگیی پاراستنی سنوورەکان و ئاسایشیان، پەیوەندییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان لەگەڵ تورکیا، چەند تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوون".
شەوی رابردوو ئاکار لەهەولێر مایەوەو بۆ ئەمڕۆ لەگەڵ هەریەک لە مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێم و مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت و نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم کۆبووەوە.

 



PM:09:14:19/01/2021