شاسوار عەبدولواحید: نە ئێمە و نەخەڵک لەم دۆخە خراپە بێدەنگ نابین

شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ دەڵێت " ئەم وەزعە وا ناچێتە سەر و تا سەر ئاوها بێدەنگی بەردەوام نابێت، نە خەڵک تا سەر وا بێدەنگ دەبن و نە ئێمەش  بێدەنگ دەبین".

 
لە نووسینێکدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان، بەناونیشانی (ئەم وەزعە وا ناچێتە سەر و تا سەر ئاوها بێدەنگی بەردەوام نابێت ) شاسور عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ نووسیوویەتی" ئەمەی ئێستا لەبەردەم هەرێمدایە دوا دەرفەتە بۆ ڕککەوتن لەگەڵ بەغداد،  چونکە نە خەڵک تا سەر وا بێدەنگ دەبن و نە ئێمەش  بێدەنگ دەبین".

 
لەبارەی دۆخی هەرێمەوە دەڵێت " وەزعی خەڵک خراپە، حکومەت و موئەسەساتمان نەماوە، هیج رێگایەک لەبەردەم یەکێتی و پارتیدا نییە جگە لە رێککەوتن لەگەڵ بەغداد، شەفافکردنی مەلەفی نەوت،  نەهێشتنی کۆمپانیای حیزبی و وازهێنان لە باج و سەرانە سەندن لە لایەن کۆمپانیای حیزبی، وە کارکردن بۆ هەڵبژاردنی راستەقینە و بونی دامەزراوەی راستەقینە بۆ چاودێری دەسەڵات".

 
دەربارەی رێگاچارە، سەرۆکی جوڵانەوەی نوێ دەڵێت " جگە لەم هەنگاوانە هیچ هەنگاو و رێگایەک تر نییە لەبەردەم یەکێتی و پارتی بۆ مانەوەیان و بەردەوامبونیان لە سیستەمی سیاسی هەرێم، بە پێچەوانەوە چارەنوسیان ١٦ ی ئۆکتۆبەرێکی تر و پەیامی پشت فیلمە ئێرانیەکەیە." 

 
سەرۆکی نەوەی نوێ پێشبینی دەکات " چارەنوسیان یان راپەرینی جەماوەرییە یان پشتیوانی نێودەوڵەتی بۆ چاککردنی سیستەمی بەڕێوەبردنە لە هەرێم، یان هاتنی  سوپای بێگانەیە یاخود هاتنی سوپای عێراقییە بۆ ئەم ناوچانە ، جا ئەمرۆ بێت یان ١٠ ساڵی تر بێت یەکێک لەم چوار ئیحتیمالە رودەدات ئەگەر ئەم دەسەڵاتە کوردییە خۆی باش نەکات و لایەنی کەمی خزمەتگوازری و دیموکراسیەت فەراهەم نەکات. وە دڵنیا بن کە نامێنن لە حوکمڕاندا بەم شێوەیە".

 
لە کۆتاییدا شاسوار عەبدولواحید دەڵێت " ئەوەی لەسەرمانە  ئێمە ئێستا دەیڵێین و ئاگادارتان دەکەینەوە، وە دەسەڵاتدارانیش ئاگادار دەکەینەوە کە ئێمە دانانیشین و بێ دەنگ نابین لەم دۆخ خراپییەی خەلک و ئەم بێ موچەییە و ئەم شکستە گەورەیەی حوکمڕانی پارتی و یەکێتی".





PM:09:59:25/01/2021