بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەجو عومرەی هەرێم رایدەگەیەنێت تا ئێستا نوسراوی رەسمیان لە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمەوە بە دەست نەگەیشتوە سەبارەت بە كردنەوەی سەفەری عومرە، هاوكات داوا دەكات كەس پارە رادەستی هیچ كۆمپانیایەك نەكات.
لەراگەیەندراوێكدا بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەجو عومرەی هەرێم ئاماژە بەوە دەكات "بەر لە دەرچونی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران بۆ دەستپێكردنەوەی سەفەری عومرە، هەر كۆمپانیایەك بەمەبەستی ئەنجامدانی ئەو سەفەرە پارە لە هاوڵاتیان كۆبكاتەوە، لەلای ئێمە بەرپرس دەبێت".
دەقی راگەیەندراوەكە:
وەكو ئاشكرایە پێشتر بە بڕیارێكی ئەنجومەنی وەزیران و بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی و یەكێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی، بە مەبەستی پاراستنی هاوڵاتیان و دوركەوتنەوە لە ڤایرۆسی كۆرۆنا، سەفەری عومرە لە هەرێمی كوردستانەوە بەرەو عەرەبستانی سعودی راگیرا.
هەرچەند تا ئێستا هەوڵی بەردەوام هەبوە بۆ رێپێدانی دەستپێكردنەوەی سەفەری عومرە، بەڵام تا ئێستا هیچ بڕیارێك بەشێوەیەكی فەرمی نەگەیشتۆتە بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرە. بۆیه بەر لە دەرچونی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران بۆ دەستپێكردنەوەی سەفەری عومرە، هەر كۆمپانیایەك بەمەبەستی ئەنجامدانی ئەو سەفەرە پارە لە هاوڵاتیان كۆبكاتەوە، لەلای ئێمە بەرپرس دەبێت و، داوا لە هاوڵاتیانی بەڕێزیش دەكەین بەر لە دەرچونی ئەو بڕیارەو راگەیاندنی لەلایەن ئێمەوە كەس پارە رادەستی هیچ كۆمپانیایەك نەكات، بە پێچەوانەوەش ئێمە وەكو بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرە هیچ جۆرە بەرپرسیارێتیەك لەمبارەیەوە ناگرینە ئەستۆ.
هەر كاتێكیش فەرمانی دووبارە دەستپێكردنەوەی گەشتەكانی عومرە لە ئەنجوومەنی وەزیرانەوە بە ئێمە گەیشت. ئەوا بە زوترین كات رایدەگەیەنین.