سەرۆك كۆماری عێراق یاسای ژنانی رزگاربووی ژێر دەستی داعشی پەسەندکرد

ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە لە ڕێوڕەسمێکدا بەرهەم ساڵ سەرۆك كۆماری عێراق یاسای ژنانی رزگاربووی ژێر دەستی داعشی پەسەندکرد.

 

بەرھەم ئەحمەد ساڵح سه‌رۆك كۆماری عێراق لە رێورەسمێکدا کە بەبۆنەی ھەشتی مارس، رۆژی جیھانیی ژنانه‌وه‌ لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، سازکرابوو وتارێکی پێشکەشکرد و ڕایگەیاند" داعش قێزەونترین تاوانی دژبە مرۆڤایەتییان و بەتایبەتیش بەرامبەر ژنان ئەنجامداوە ، لەبەر ئەوە ئەمڕۆ یاسای ژنانی رزگاربوی ژێر دەستی داعش پەسەند دەکەم".

 

سەرۆک کۆماری عێراق وتیشی" ئافرەتانی عێراق لە زۆر رەوشی ئاڵۆزدا، پارێزگارییان لە بوونی خێزانەکانیان کردوە و ئەمڕۆش نەھامەتیی و ئازاری  ژنانی ئێزدی و تورکمانمان بیر دێتەوە کە بەھۆی داعش بەسەرییان هاتووە".

 

سەرەتای ئەم مانگە، لە دانیشتنی ژمارەی ٣٨ی پەرلەمان بە سەرۆكایەتیی محەمەد حەلبوسی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، یاسای (كچان و ژنانی ئێزدیی ڕزگاربووی دەستی داعش)ی پەسەند كرد.




PM:05:41:08/03/2021