لەبارەی دۆسیەی ئاگرکەوتنەوەی نەخۆشخانەی ئیبن خەتیب لەشاری بەغدای پایتەختی عێراق، ئەنجومەنی باڵای دادوەری فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ بەشێک لە کارمەندانی نەخۆشخانەکە دەرکرد.
لەوبارەیەوە ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە، دادگای لێکۆڵینەوەی رەسافە چەندین رێکاری لێکۆڵێنەوەی روداوی ئاگرکەوتنەوەکەی نەخۆشخانەی ئیبن خەتیب گرتۆتەبەر، لەوانە وەرگرتنی وتەی شایەتحاڵەکان و دەرکردنی فەرمانی دەستگیرکردن بۆ بەشێک لە کارمەندانی نەخۆشخانەکە.
لەڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، بڕیاری دەستگیرکردنەکە بۆ هەریەک لە بەرپرسی بەشی چاککردنەوە، بەرپرسی بەرگریی شارستانی، بەرپرسی چاککردنەوەی بوتڵی ئۆکسجین و یاریدەدەری کارگێڕی و چەند فەرمانبەرێکی دیکە لەو نەخۆشخانەیە دەرچووه و دەستگیرکراون.
درانگانی شەوی ٢٤ی ئەم مانگە بۆرییەکی گەیاندنی ئۆکسجین لە نەخۆشخانەی ئیبن خەتیب لە نزیک بەرزە پردی دیالە لە باشووری بەغدا تەقیەوە، هاوکات زیانێکى گەورەى ماددى و مرۆیى لێکەوتەوە، هەروەها بەپێی ئامارێکی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی عیراق ١٣٠ کەس لە رووداوەکەدا گیانیان لەدەستداوە و ١١٠ کەسی دیکەش برینداربوون.