بڕی هەناردە و داهاتی نەوت بۆ مانگی رابردوو ئاشکراکرا

وەزارەتی نەوتی عێراق بڕی هەناردەو داهاتی نەوتی لە مانگی ئایار ئاشكراكرد و ڕایگەیاند" داهاتى نەوتى هەناردەکراوی نزیکەى شەش ملیار دۆلار بووە". 

لە بەیاننامەیەکدا بڵاوکراوەتەوە، تیایدا وەزارەتی نەوتی عێراق ئاماژەی بەوەکردووە، بەپێی ئامارە سەرەتاییەكان لەمانگی رابردودا بڕی ٨٩ ملیۆن و ٨٨١ هەزارو ٢٦٨ بەرمیل نەوت لەكێڵگە نەوتییەكانی كەركوك و ناوەڕاست و باشوری عیراقەوە هەناردەكراوە.

سەبارەت بە داهاتى ئەو بڕە نەوتەش، وەزارەتى نەوتى عێراق روونیکردۆتەوە، تێکڕاى نرخى نەوت لە مانگى ئایاردا (٦٥.٤٥٩) دۆلار بووە، بەوپێیەش داهاتى نەوت لەو مانگەدا پێنج ملیار و ٨٨٢ ملیۆن ٣٥٦ دۆلار بووە.

ئاماژەی بەوەشداوە" ئەو نەوتەی مانگی رابردوو هەناردەكراوە ٨٦ ملیۆن و ٨٢٠ هەزارو ٣٣٥ بەرمیلى لە کێڵگە نەوتییەکانى ناوەڕاست و باشورى عێراق بووە و سێ ملیۆن و ٦٠ هەزار و ٩١٣ بەرمیلیشى لە کەرکوکەوە بۆ بەندەرى جەیهان بووە، تێکڕاى هەناردەى ڕۆژانەش دوو ملیۆن و ٨٩٩ هەزار بەرمیل بووە لە ڕۆژێکدا". 



PM:05:42:01/06/2021