ژماره‌یه‌ك په‌رله‌مانتارى كورد: دەبێت فەرمانبەران تەواوی موچە براوەکانیان بۆ بگەرێتەوە

ژمارەیەک په‌رله‌مانتارى كورد له‌ پەرلەمانی عیراق رایده‌گه‌یه‌نن" راستکردنەوەی چەوتییەکانی سیاسەتی هەڵەی نەوتە چارەسەری کۆتایی گێڕانەوەی نەوتە بۆ ژێر دەسەڵاتی شەرعی و میللەت و دەرهێنانی لەژێردەستی حوکمڕانی شکستخواردووه". 

هه‌ریه‌ك له‌ سەركەوت شەمسەدین، غالب محمد عەلی، ئەحمد حاجی رشید، رێبوار کریم محمود كه‌ ئه‌ندامن له‌ ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عیراق له‌ به‌یاننامه‌یه‌كى هاوبه‌شدا رایانگه‌یاند" ناردنی پارەی بەغداد دەسکەوت نییە، راستکردنەوەی چەوتییەکانی سیاسەتی هەڵەی نەوتە، چارەسەری کۆتاییش گێڕانەوەی نەوتە بۆ ژێر دەسەڵاتی شەرعی و میللەت و دەرهێنانی لەژێردەستی حوکمڕانی شکستخواردو". 

دەشڵێن" سەرەڕای تێبینی و سەرنجەکانمان بەڵام لە سۆنگەی بەرژەوەندی مافی دارایی فەرمانبەران بەرگریمان لە پرۆژە یاسای  بودجەی ۲٠۲۱ کرد، ئێستاش پشتیوانی جێبەجێکردنی تەواوی بەندەکانی یاساکە دەکەین بە رادەسكردنی  داتای فەرمانبەران و داتای تایبەت بە داهاتی خاڵە سنوری و باج و گومرك و بەدەستهێنانی شەفافیەتی زیاتر". 

ئاماژە بەوەشدەکەن، ئێمە دەمانەوێت دەسەڵاتی  هەرێم ئەمە بکاتە هەنگاوێک بۆ زیاترکردنی هەماهەنگی ئیداری و داریی لەگەڵ بەغداد بۆ کۆتایی هێنان بەو زوڵمەی لەسەر فەرمانبەران هەیە.

جەختیشیانکردەوە، پێویستە چیتر کۆتایی بە زوڵمی لێبرینی موچە بهێنرێت و قەرەبوی موچە بڕاوەكانی  مانگەکانی رابردوش بکرێتەوە بەبێ هیچ بیانوییەک و فێڵکردنێک، چونکە ئیتر چاومان لەسەر تەواوی داهاتی نەوتی و نانەوتی دەبێت و چیتر شاردنەوەی داهات لێپرسینەوەی بەدوادێت.



PM:03:53:16/06/2021