دەستەی دەستپاکی لە عێراق دەستگیرکردنی بەرپرسێکی فەرمانگەی خانووبەرەی میریی پارێزگای سەڵاحەدین لە کاتی وەرگرتنی بەرتیلدا راگەیاند.
لە ڕاگەیەندراوێکدا دەستەی دەستپاکی لە عێراق ڕایگەیاند" بەپشت بەستن بە بڕیارى دادوەر، یاریدەدەری بەڕێوەبەری فەرمانگەی خانوبەرەی میریی پارێزگای سەڵاحەدین لە کاتی وەرگرتنی بەرتیل دەستگیرکرا".
هەر بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی دەستەی دەستپاکی عێراق، تۆمەتبارەکە لە بەرامبەر راییکردنی مامەڵەی ھاوڵاتییەک کە سەردانی فەرمانگەی خانووبەرەی میریی پارێزگای سەڵاحەددین کردووە، داوای پارەی کردووە.
ئەوەشی خستەڕوو، بە فەرمانی دادوەریی دادگای لێکۆڵینەوە تایبەت بە پرسەکانی دەستپاکی لە پارێزگای سەڵاحەدین بڕیاری راگرتنی تۆمەتباری ناوبراو بەپێی ماددەی ٣٠٧ لە یاسای سزاکانی عێراق درا.