فڕۆكەوانیكی سوپای پاسداران لەعێراق كوژرا

هەواڵنێری فەرمی كۆماری ئیسلامی ئێران هەواڵی كوژرانی ئەفسەرێكی فرۆكەوان لە هێزی ئاسمانی سوپای پاسدارانی بڵاوكردەوە كە لەعێراق كوژراوە.

هەواڵنێری "ئیرنا" لە هەواڵێكی كورتدا رایگەیاند كە دوێنێ هەینی پاش نوێژی هەینی تەرمی ئەو فرۆكەوانە (كە بە پارێزەری مەزاری ئەهلی بەیت ناوی لێبراوە) لەشاری شیراز بەخاك سپێردراوە.

میدیاكانی ئێران پێشتریش ئەو هێزە ئێرانیانەی لەسوریا دەكوژران بەناوی (پارێزەرانی مەزارگەی حەزرەتی زەینەب) ناولێدەبرد.
میدیاكانی ئێران زانیاریی كوژرانی ئەم فرۆكەوانەیان بڵاونەكردوە تەنها هەواڵنێری فارس، نزیك لەسوپای پاسداران، لە راپۆرتێكی وێنەییدا لە ناشتنی تەرمی ئەو فرۆكەوانە، ئەو كەسەی بە "شەهید سەرهەنگی پاسداری فرۆكەوان، عەلەمدار مرجانی" ناولێبردوە.

پێشتر یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئێران، ئەمیر عەبدوڵاییان، راگەیاندبوو كە ئێران هیچ هێزێكی سەربازیی رەوانەی عێراق نەكردوە.

هاوكات میدیا نێودەوڵەتییەكان هەفتەی رابردوو بڵاویاكردوە كە ئێران ژمارەیەك فرۆكەی جەنگی لەجۆری (سۆخۆ 25) كە لەلایەن 10 فرۆكەوانی ئێران‌و 4 فرۆكەوانی عێراق لێیان دەخوڕا رادەستی عێراق كردوە.




PM:02:51:05/07/2014