لەبارەی هەوڵی کوشتنی کازمی زانیاری نوێ بڵاوکرایەوە

‌مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق
ئەمڕۆ یەکشەممە ٧ی تشرینی دووەمی ٢٠٢١، بەرپرسی ئەمنی گروپی چەکداری حیزبوڵای عێراق پەیامێکی لەسەر هێرشەکەی سەر ماڵی کازمی بڵاوکردەوە و دەڵێت" ھەرکەس بییەوێت زیان بەو بونەوەرە فەیسبووکییە بگەیەنێت رێگەی دیکە زۆرن بیانگرێتەبەر".

ئەبو عەلی عەسکەری بەرپرسی ئەمنی گروپی چەکداری حیزبوڵای عێراق لە تویتێکدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (تویتەر) ئاماژەی بەوەکردووە" ھەرکەس بییەوێت زیان بەو بونەوەرە فەیسبووکییە بگەیەنێت رێگەی دیکە زۆرن بیانگرێتەبەر، ھیچ کەس ئارەزووی لەوە نییە بۆ کوشتنی سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بەفیڕۆ بدات".

ئەوەشی خستەڕوو: لە ھەمووی گاڵتە جاڕتر ئەوەیە، سەرۆ وەزیران داوای دان بە خۆداگرتن لە لایەنەکان دەکات، کێ دەبێت نیگەرانبێت، کەسێک کە دەسەڵاتی بەسەر خۆیدا نەماوە؟. 

هاوکات لای خۆشییەوە قەیس خەزعەلی ئەمنیداری گشتی عەسائیبی ئەھلی حەق لە ڕاگەیەندراوێکدا باسی لەوەکردووە: ھێرشەکەی سەر شوێنی مانەوەی مستەفا کازمی بۆ تێکەڵکردنی دۆسییەکان و بەستنەوەیەتی بە خۆپیشاندانە بەردوامەکانی بەردەم دەروازەی ناوچەی سەوزە.

دەشڵێت" دوای بینینی دیمەنی تەقینەوەکان و نەبوونی ھیچ زیانێک، داوا دەکەین لیژنەیەکی ھونەری تایبەت پێکبھێنرێت بۆ لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە و دڵنیابوون لەوەی رووداوەکە راستییە و دروستکراو نییە، ئەوکات ئامادەن ئیدانەی بکەن".

خەز عەلی جەختیشیکردەوە: دەتوانن بەو پەڕی وردەکارییەوە لێکۆڵینەوە بکرێت و ئەنجامدەرانی رادەستی دادگا بکرێن. 

هەروەها، نوری مالیکی سەرۆک وەزیرانی پێشووتری حکومەتی عێراق و سەرۆکی ھاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لە بڵاوکراوەیەکدا رایگەیاند" بە ئامانج گرتنی شوێنی مانەوەی مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق کارێکە جێگەی قەبوڵکردن نییە و بە ئامانجی ئالۆزترکردنی دۆخی ئەمنی گشتییە".

لە بەشێکی تری پەیامەکەیدا مالیکی داوا دەکات، کە ھەموو لایەک ئارامی بپارێزن و دانبە خۆیاندا بگرن و بە ژیرییەوە چارەسەری دۆخەکە بکەن و لە ھەموو جۆرە توندوتیژییەک دوربکەونەوە. 

جەختیشیکردەوە: پێویستە لێکۆڵینەوەکان لە رووداوەکانی رۆژی ھەینی و دواتر لە کاتی خۆپیشاندانەکاندا بەردەوامبێت. 

بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرایکرد، هەوڵی تیرۆرکردنی مستەفا کازمی لە ڕێگەی سێ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە ئەنجام دراوە و ماڵەکەی کراوەتە ئامانج، کە بەهۆیەوە هەندێك لە پاسەوانەكانی بریندار بوون.  



PM:02:18:07/11/2021