بەغداد.. مووشەکێکی نەتەقیوی هێرشەکەی شەوی ڕابردووی ماڵی کازمی تەقییەوە

 ئەمڕۆ یەکشەممە ٧ی تشرینی دووەم، مووشەکێک لە ناوچەی سەوزی بەغداد تەقییەوە. 

سەرچاوەیەکی ئەمنی عێراقی بە (سپی) رایگەیاند "تەقینەوەیەک لە ناوچەی سەوز لە بەغدای پایتەختی عێراق کاتژمێر ٣ی دوای نیوەڕۆ روویدا، کە یەکێک بوو لەو موشەکانەی کە شەوی رابردوو لە هێرشەکەی سەرماڵی سەرۆک وەزیرانی عێراق نەتەقیبوونەوە و لەئێستادا دۆخەکە کۆنترۆڵ کراوە".

بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئاشکرایکرد، هەوڵی تیرۆرکردنی مستەفا کازمی لە ڕێگەی سێ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە ئەنجام دراوە و ماڵەکەی کراوەتە ئامانج، کە بەهۆیەوە هەندێك لە پاسەوانەكانی بریندار بوون.  

دوابەدوای هێرشەکە کازمی ڕایگەیاند، "موشەکە ترسنۆک و فڕۆکە بێفڕۆکەوانە ترسنۆکەکان وڵات بونیادنانێن و دواڕۆژ بونیادنانێن."




PM:05:55:07/11/2021