٢٥٠٠ سەربازی هێزە شەڕکەرەکانی ئەمریکا لە عێراق دەمێننەوە

فەرماندەی ناوەندی سوپای ئەمریکا باسی لەوەکرد، واشنتن  بریاری داوە بۆ کشانەوەی هێزە شەڕکەرەکانی لەعێراق، بەڵام سەرەڕای بڕیارەکەش،  ٢٥٠٠  سەرباز لە عێراق دەمێننەوە.

جەنەڕاڵ فرانک ماکنزی، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا لەلێدوانێکدا بۆ میدیاکانی وڵاتەکەی باسی لەوەكردوە، سەرەڕای گۆڕانکاری رۆڵی هێزەکانی ئەمریکا، بەڵام بەشێک لە هێزەکانیان لەعێراق دەمێننەوە  و لەبواری بەرەنگاربوونەوەی داعش هاوکاری هێزە ئەمنییەکان دەکەن.

وتیشی  "پێشبینی دەکەین لەم مانگەدا گروپە چەکدارییەکان کە ئێران پشتیوانیان دەکات هێرشەکانیان بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا لەعێراق زیاتر بکەن چونکە دەیانەوێت هەموو هێزەکانی ئەمریکا لە وڵات بچنەدەرەوە، بەڵام ئێمە بەتەواوی ئەو وڵاتە جێناهێڵین و تەنها لەو بنکانە دەکشێینەوە کە مانەوەمان تیایاندا پێویست نیە، بەشێک لە هێز و لایەنەکانیش تائێستا خواستی مانەوەی ئەمریکایان هەیە و مانەوەی ئێمە بەگرنگ و پێویست دەزانن".

ناو براو ڤاسی ئەوەشیکرد،  چەکدارانی داعش بوونەتە مایەی مەترسی لەسەر ئاسایشی عێراق و لەئێستادا خۆیان رێکخستوەتەوە، بۆیە دەبێت گەرەنتی ئەوە بکرێت ئەو گروپە چەکدارییە نەتوانێت پەیوەندی و گواستنەوە بە چەکدارەکانی لەناوچەکانی دیکەی جیهان بکات، چونکە ئەو کات زیاتر مەترسیدارتر دەبێت.

ئەمە لەکاتێکدایە جۆبایدنی سەرۆکی ئەمریکا ٨ی کانوونی یەکەم بڕیاریدا هیچ هێزێکی شەڕ کەری ئەمریکی لەدوای ٣١ی کانوونی یەکەمەوە لەعێراقدا نەمێنێت.




AM:09:26:10/12/2021