عامری پابەندە بە بڕیاری دادگای فیدراڵیەوە

هادی عامری سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح کە لەرێگای دادگاوە داوای دەکرد ئەنجامی هەڵبژاردنەکان رەتبکرێتەوە، ئەمڕۆ دوای رەتکردنەوەی داواکەی لەلایەن دادگای فیدراڵیەوە، پابەندبوونی خۆی بە بڕیارەکەی دادگاوەراگەیاند.
  
دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ دوو شەممە، هادی عامری سەرۆک هاوپەیمانی فەتح دوای ئەوەی دادگای فیدراڵی داوای رەتکردنەوەی ئەنجامەکانی پەسەند نەکرد، لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند" لەسۆنگەی پابەندبونمان بە دەستور و یاسا و ترس لە سەقامگیریی ئەمنی و سیاسی، بڕوابوون بە پڕۆسەی سیاسی و دیموکراتی لەڕێگەی ئاڵوگۆڕی ئاشتیانەی دەسەڵات لەرێگەی سندوقی دەنگدانەوە، پابەند دەبن بە بڕیاری دادگای فیدراڵی یەوە" . 

 لەو راگەیانەدا سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح جەختی لەسەر ئەوە کردەوە بڕوایانوایە هەڵبژاردن ساختەکاریی تێدا کراوە، ئەو تانانەی پێشکەشیانکردووە مەنتیقی بووە، پێشکەشی هەر دادگایەکی تر بکرێت لەهەر وڵاتێک بەس بوو بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەکەی، بەڵام پابەندبن بەبڕیاری دادگاوە کە روبەڕووی فشاری گەورەی دەرەکی و ناوخۆیی بووەتەوە".  

بەیانی ئەمڕۆ ٢٧ کانوونی یەکەم دادگای فیدراڵی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی تشرینی یەکەمی عێراقی پەسەند کرد.  




PM:06:02:27/12/2021