بەرهەم ساڵح: سلێمانی و موهەندیس هەموو کات ئامادەبوون گیانی خۆیان ببەخشن لەپێناو پاراستنی هاوڵاتیاندا

‌بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق
سەرۆک کۆماری عێراق لە مەراسیمی ساڵیادی کوژرانی قاسم سلێمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس وتارێکی پێشکەشکرد و وتی" ئەو دوو سەرکردەیەی کە "شەهیدبوون" هەموو کات ئامادەبوون گیانی خۆیان ببەخشن لە پێناو پاراستنی هاوڵاتیان". 

بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق لە بەغداد لە ڕێوڕەسمی ساڵیادی کوژرانی قاسم سلێمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران و ئەبو مەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی وتارێکی پێشکەشکرد و ئاماژەی بەوەکرد" هەردوو سەرکردەی شەهید بەشداربوون لە تێکشکاندنی داعش و گەڕانەوەی ئاسایش بۆ عێراق، ئەوان باوەڕیانوابوو بەخشینی گیان و شەهیدبوون بەرزترین پلەیە بۆ پشتیوانی لە ستەملێکراوان و وەستانەوە دژی ستەمکاری".

ئەوەشی خستەڕوو، بە هاوکاری ئەوان و هێزە ئەمنییەکانمان لە سووپا، پێشمەرگە و حەشدی شەعبی، داعش و پلانەکانی لەناوبران و سەرجەم پێکهاتەکان پارێزران.

ئەوەشی خستەڕوو، ئەمڕۆ هەمووان لەبەردەم بەرپرسیاریەتییەکی گەورەدان کە بریتییە لە پاراستنی سەرکەوتنەکان و دووبارەنەبوونەوەی کارەساتەکان، هەروەها رێکگریکردن لە هەموو هۆکارێک کە ئاسایشی عێراق بە ئامانج دەگرێت، بۆیە ئەم قۆناغە دەخوازێت کە یەکریزی بین بۆ پاراستنی ئاسایشی کۆمەڵایەتی و تەواوکردنی هەنگاوەکانی چاکسازی ریشەیی لە پێناو خزمەتی هاوڵاتیان و ئاسودەیی گیانی شەهیدان.

سەرۆک کۆماری عێراق دەربارەی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق باسی لەوەکرد، لە ئێستادا هەموو لایەنە سیاسییەکان لەبەردەم یەکەمین کۆبوونەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی حکومەتدان، حکومەتی نوێش پێویست دەکات هەوڵەکانی لە پێناوی چاکسازی ریشەی بخاتەگەڕ و لە ئاست داواکاری هاوڵاتیاندا بێت. 



AM:11:26:05/01/2022