بانكی ناوەندیی عێراق ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە کە دەستکاری مووچەی فەرمانبەران بکرێت و جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە هیچ ئاڕاستەیەك نییە بۆ كەمكردنەوەی مووچە.
لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی فەرمی عێراق، ئیحسان شەمران، جێگری پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق ئەمڕۆ رایگەیاند "بانکی ناوەندی هەوڵدەدات لە چەند گۆشەیەکەوە باری ئابووری جێگیر بکات، سەرچاوەی نەوت بوونی هەیە و ئاڕاستەیەکی حکومەتیش بۆ چاکسازی لە چوارچێوەی کاغەزی سپی هەیە، ئەوەش توانای دارایی باشتر دەکات لە نمونەی گومرگ و باج سەرچاوەکانی دیکە."
لە درێژەی لێدوانەکەیدا دەڵێت "ئەگەر حکومەتی داهاتوو بەپێی ڕێنمایی کار بکات، ئەوا هیچ ئاڕاستەیەك نییە بۆ كەمكردنەوەی مووچە فەرمانبەران کە زیاتر لە حەوت ملیۆن کەسن و ئەستەمە بیر لەوە بکرێتەوە."