هەناردەی نەوتی عێراق كەم دەكات

وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند بەهۆی هێرشەكانی داعش‌و شەڕ‌و پێكدادانەكانی ئەم دواییە، هەناردەی نەوت كەمی كردوە.

وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند: عێراق لەمانگی حوزەیران كە هاوكات بوو لەگەڵ هێرشی چەكدارانی داعش بۆ سەر پارێزگای نەینەوا، رۆژانە 2 ملیۆن‌و 420 هەزار بەرمیل نەوتی هەناردە كردوە.

ئەمەش لەكاتێكدایە كە عێراق چاوەڕوانی دەكرد رێژەی هەناردەی خۆی رۆژانە بۆ 3 ملیۆن‌و 400 هەزار بەرمیل بەرز بكاتەوە.

عاسم جیهاد، وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند: داهاتی هەناردەی نەوت لەمانگی حوزەیران 7 ملیار‌و 470 ملیۆن دۆلار بووە كە ئەم رێژەیە 600 ملیۆن دۆلار كەمتر لە داهاتی مانگی ئایار بووە.

بەپێی راپۆرتەكە توندوتیژییەكان‌و هێرشی چەكدارانی داعش لە پارێزگای نەینەوا‌و باكوری عێراق، هۆكاری دابەزینی هەناردەی نەوت بووە.




PM:04:55:24/07/2014