عێراق هۆشداری لە شەپۆلی پێنجەمی كۆرۆنا دەدات


وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عێراق رایدەگەیەنێت "ئەگەری بڵاوبونەوەی شەپۆلی پێنجەمی كۆرۆنا لە عێراق هەیە و پێویستە لەسەر هاوڵاتیان بۆ بەرگرتن لەبڵاوبونەوەی ئەو شەپۆلە، سەردانی ناوەندە تەندروستیەكان بكەن و ڤاكسین وەربگرن". 

سەیف بەدر، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عێراق رایگەیاندوە "ئەگەری هەیە عێراق بكەوێتە بەر شەپۆلی پێنجەمی كۆرۆنا، ئەمەش وەك هەر وڵاتێكی دیكە مەترسی لەسەر هەیە، شەپۆلی ئەم دواییەی كۆرۆناش كە بەشەپۆلی چوارەم ناسراو بوو، كەمتر مەترسیدار بوو، بەڵام دەبێت ئامادەكاری تەواو بكرێت بۆ شەپۆڵی پێنجەم بۆئەوەی مەترسیەكانی كەمبكرێنەوە". 

ناوبراو وتیشی، "عێراق نەگەیشتۆتە ئاستی پێویست لەڕێژەی بەكارهێنانی ڤاكسین، تەنها لەڕوی وەرگرتنی یەك ژەم ڤاكسینەوە نزیكە لەئاستی جیهانیەوە، بەڵام بۆ وەرگرتنی دو ژەم تا ئێستا بەپێی پێویست نییە، بۆیە داوا لەهاوڵاتیان دەكەین بۆ بەرگرتن لە هەر شەپۆلێكی دیكەی كۆرۆنا سەردانی ناوەندە تەندروستیەكان بكەن و ڤاكسین وەربگرن".





PM:01:12:29/04/2022