سەدر: بەرژەوەندی گەلی عێراق لە ئەستۆمانە


فراكسیۆنی سەدر لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنن، بەرژەوەندی گەلی عێراق لە ئەستۆیانە و بەهەمو رێگەیەك كاردەكەن بۆ گەرەنتیكردن و پارێزگاریكردن لێی.

حەسەن عەزراوی، سەرۆكی فراكسیۆنی سەدر لە پەرلەمانی عێراق لە تویتێكدا كە لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تویتەر بڵاویكردوەتەوە "بەرژەوەندی گەلی عێراق و بژێوی ژیانیان لە ئەستۆی ئێمەیە، بە هەمو رێگەیەكی یاسایی كاردەكەین بۆ گەرەنتیكردن و بەرگریكردن لێی".

ئەو نوسینەی عەزراوی لەكاتێكدایە ئەمڕۆ گروپی فراكسیۆن و پەرلەمانتارە سەربەخۆكان لەراگەیەنراوێكدا رایانگەیاند، داوا دەكەن حكومەتی نوێی عێراق لەسەر بنەمای وادە و پشكی دەستوری پێكبهێنرێت و هیچ لایەنێكی دەرەكیش دەستوەردان لەكاروباری ناوخۆی عێراقدا نەكات، هەروەها داوا دەكەن گەورەترین كوتلەی پەرلەمانی دروست بكرێت و  ناوێك بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران هەڵبژێرن، كە سەربەخۆكان پێشنیازی دەكەن بۆ پێكهێنانی حكومەت بەجۆرێك پشتیوانی بكرێت و بتوانێت چاكسازی سیاسی، ئابوری بكات و روبەڕوی گەندەڵی ببێتەوە.



PM:07:54:15/05/2022