عامری: پێویستە كۆتایی بە گەمارۆی سیاسی بهێندرێت


هادی عامری، سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح رایدەگەیەنێت، پێویستە كۆتایی بە گەمارۆی سیاسی بهێندرێت و حكومەتی نوێ پێكبهێندرێت كە بتوانێت لە ئاست بەرپرسیارێتیەكان بێت.

هادی عامری ئەمڕۆ لەگەڵ جنین پلاسخارت، نێردەی تایبەتی سكرتێری گشتی نەتەوەیەكگرتوەكان لە عێراق تاوتوێی دۆخی سیاسی بەگشتی و دوایین پێشهاتەكانی گۆڕەپانی ناوخۆیی وڵاتیان بەتایبەت كرد، هاوكات عامری  پشتگیری چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكانی بۆ دەستپێشخەریی لایەنە سەربەخۆكان دوپاتكردەوە.

هادی عامری لەدیدارەكەدا جەختی لەسەر كۆتاییهێنان بە گەمارۆی سیاسیی و چارەسەركردنی قەیرانەكانی ئێستا كردوەتەوە، وەك ئامادەكارییەك بۆ پێكهێنانی حكومەتی داهاتوی عێراق، پشتگیریی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكانی بۆ دەستپێشخەریی لایەنە سەربەخۆكان دووپاتكردەوە، كە دیدگای لێكنزیكبونەوەی نێوان هەردو لایەن لەخۆدەگرێت.

سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح ئاماژەی بەوەكردووە "پێویستە گەورەترین كوتلەی پەرلەمانی لە ئەنجومەنی نوێنەران پێكبهێندرێت بەجۆرێك كە گەرەنتی مافی سەرجەم پێكهاتە كۆمەڵایەتیەكان بكات".

هەروەها وتویەتی "چوارچێوەی هەماهەنگی دەرگای كراوەیە بۆ هەمو ئەو كەس و لایەنانەی دەیانەوێت بۆچونەكانیان لەیەكتر نزیك بكەنەوە، بەمەبەستی گەیشتن بە خاڵێكی لێكنزیكبونەوە و لێكتێگەیشتن لە پێناو كۆتاییهێنان بە گەمارۆی سیاسی و پێكهێنانی حكومەتێك كە بتوانێت بەرپرسیارێتی خۆی لە پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكان بە هاوڵاتیان لە ئەستۆ بگرێت".








PM:08:21:01/06/2022