چوارچێوەی هاوئاهەنگی رەتیدەكەنەوە گفتوگۆ لەبارەی ناوی هیچ كەسێك كرابێت بۆ هیچ پۆستێك و دەڵێن، دەرگایان بە رووی هەموو هێزە سیاسییەكان كراوە دەبێت.
ئەمڕۆ چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە راگەیەنراوێكدا رایگەیاندووە "چوارچێوەی هاوئاهەنگی و هاوپەیمانەكانی بۆ دیالۆگ بە رووی سەرجەم هێزە سیاسییەكان كراوەن، تاوەكو بەخێرایی شایستە دەستوورییەكان تەواو بكرێن، هاوئاهەنگییەكی باڵا لە هەڵوێستەكان هەیە، ئەو هەواڵانەشی لە ماڵپەر و پەیجەكان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاودەبێتەوە لەبارەی بوونی ناكۆكی لەنێو چوارچێوەی هاوئاهەنگی، قسەیەكە دوورە لە راستی و ئامانجەكەی تێكەڵكردنی كارتەكان و شێواندنی رای گشتییە".
هەروەها ئاماژەی بەوەكردووە "تائێستا چوارچێوەی هاوئاهەنگی گفتوگۆی لەسەر هیچ ناوێك نەكردووە بۆ هیچ پۆستێك، ئەوەی دزەی پێدەكرێت ئامانجەكەی تێكدانی دۆخەكەیە".
لە دوو رۆژی رابردوودا فراكسیۆنی سەدر لە پەرلەمانی عێراق دەستیان لەكاركێشایەوە و دواتریش چوارچێوەی هەماهەنگی دەستیان بە گفتوگۆ كردووە بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق، لەو چوارچێوەیەشدا ناوی نوری مالكی، یەكێك لە سەركردەكانی چوارچێوە دێت بۆ كاندیدبوونی سەرۆك وەزیرانی عێراق.