كەشناسی سەبارەت بە بارانبارین روونكردنەوە دەدات


دەستەی كەشناسی عێراق رایدەگەیەنێت "لە ئێستادا عێراق چووەتە ناو قۆناغی گەرمی (پشكۆی هاوینە) وە و هیچ ئاماژەیەكیش نییە ئەوە دەربخات شەپۆلی بارانبارین روو لە عێراق بكات".

عامر جابری، وتەبێژی دەستەی كەشناسی عێراق ئەمڕۆ دووشەممە، بە ئاژانسی فەرمی هەواڵی عێراقی راگەیاند "هیچ ئاماژەیەك نییە بۆ پێشبینیكردنی ئەگەری بارانبارین لە وڵاتدا، بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرماوە كەشوهەوا لە ئێستادا هیچ لەبار نییە بۆ بارینی باران لە هیچ بەشێكی وڵاتدا".

جابری روونیكردەوە "بەهۆی ئەوەی لە ئێستادا وڵات لە رووی بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرماوە چووەتە ناو قۆناغی (پشكۆی هاوین)ەوە، بۆیە لەهەندێ ناوچەی پارێزگای بەسرە رێژەی شێ بەرز دەبێتەوە".

هەروەها وتویەتی "لەناوچەكانی ناوەڕاستی وڵات بەهۆی خێرایی باوە تۆز بەرزدەبێتەوە بۆ ناو هەوا، بەڵام هیچ ئاماژەیەك نییە گەردەلول هەڵبكات و ببێتە هۆی شەپۆلێكی نوێی خۆڵبارین".



PM:10:49:25/07/2022