رەوتی سەدر بە فەرمی سكاڵایەكی یاساییان لە دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق لە دژی هەر سێ سەرۆكایەتییەكەی عێراق تۆماركرد.
ئەمڕۆ یەكشەممە نەسار روبەیعی، ئەمینداری گشتی فراكسیۆنی دەستلەكاركێشاوەی سەدری لە پەرلەمانی عێراق سكاڵایەكی دژی هەر سێ سەرۆكایەتییەكەی عێراق (كۆمار، وەزیران و ئەنجومەنی نوێنەران) لە دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق تۆماركرد و داوای هەڵوەشانەوەی پەرلەمانی عێراقی كرد.
لە سكاڵاكەدا بەرپرسەكەی رەوتی سەدر داوای بانگهێشتكردنی ئەو بەرپرسانەی كردووە بۆ ئەوەی لێپرسینەوەیان لەگەڵ بكرێت و دواتر پەرلەمان هەڵوەشێتەوە و سەرۆك كۆمار پابەند بكرێت بە دیاریكردنی وادەیەك بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە.
رۆژی 3ی ئەم مانگە موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر لە وتارێكی ڤیدیۆییدا داوای هەڵوەشانەوەی پەرلەمان و هەڵبژاردنی پێشوەختەی كرد.