بەرزترین ئاستی فرۆشی دۆلار تۆماردەکرێت

ئەمڕۆ چوار شەممە، بانکی ناوەندی عێراق بەرزترین فرۆشی لە دروای دۆلاری ئەمریکی لە مەزادی فرۆشی دراوی ئەمساڵ تۆمارکرد .

میدیا عێراقییەکان بڵاویان کردەوە، لە رێگەی مەزادی کڕین و فرۆشتنی دراوەوە، بانکی مەرکەزی بڕی ٢٩٣ ملیۆن دۆلاری فرۆشتووە، ئەمەش لە کاتێکدا نرخی یەک دۆلار ١٤٦٠ دینارە، ئەمەش بە بەرزترین بەها دادەنرێت کە بانکی ناوەندی فرۆشتبێتی لە ماوەی ئەمساڵدا.

هەر لە بڵاوکراوەکاندا ئەوەش هاتووە، ئەم فرۆشانەش بەشێوەی حەواڵە نێردراوە بۆ دەرەوەی عێراق بۆ پەرەپێدانی باڵانسی بانکەکان و بڕی نێردراو نزیکەی ٢٢٠ ملیۆن و ٣٥٩ هەزار دۆلارە، بڕەکەی تریش ٧٢ ملیۆن و ٦٥٠ هەزار دۆلارە و بە شێوەی کاش نێردراوە.

ئەوەش هاتوە کە ٣٤ بانک لە دەرەوەی عێراق داوای بەرزکردنەوەی باڵانسیان کردووە، ٢٣ بانکی تریش داوای پارەی کاشیان کردووە.

 

 

 




PM:05:12:17/08/2022