راگەیەنراوێكی بەپەلە لە چوار سەرۆكایەتییەكەی عێراقەوە


چوار سەرۆكایەتییەكەی عێراق هۆشداری لە دۆخی ئێستای عێراق دەدەن و رایدەگەیەنن "بەردەوامی حاڵەتی پشێوی سیاسی كاریگەری نەرێنی دەكاتە سەر هەوڵە نیشتمانییەكان  بۆ چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری و پارێزگاری كردن لە ئاسایش و سەلامەتی هاووڵاتیان. ئەمەش پێویستی ئەوە دەهێنێتە ئارا".

ئێوارەی ئەمڕۆ لە كۆشكی سەرۆكایەتی كۆمار، سەرۆكایەتییەكانی (كۆمار، پەرلەمان، وەزیران، دادوەری) كۆبوونەوە و لە راگەیەنراوێكدا رایانگەیاندووە "بەردەوامی حاڵەتی پشێوی سیاسی كاریگەری نەرێنی دەكاتە سەر هەوڵە نیشتمانییەكان  بۆ چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری و پارێزگاری كردن لە ئاسایش و سەلامەتی هاووڵاتیان. ئەمەش پێویستی ئەوە دەهێنێتە ئارا، كە هەموو لایەك هەڵوێستێكی كار و جددی بگرنە بەر بۆ رێگرتن لە گرژی و پشتبەستن لە گفتوگۆی نیشتمانی وەك تەنیا رێگەچارەی قەیرانەكان".

هەروەها ئاماژەیان بەوەكردوە "پێویستی گرتنەبەری هەموو هەنگاوێك  كە سەربكێشێت بۆ دەستپێكردنی گفتوگۆیەكی كارا و پابەندكار بە بنەماكانی بەرژەوەندی باڵای نیشتمانی و پاراستنی ئاشتەوایی ناوخۆیی و كۆمەڵایەتی و دڵنیاییدان بە هاووڵاتیان و گرتنە بەری رێكاری پێویست بۆ دوورخستنەوەی وڵات لە قەیرانەكانی ئێستای".


بەهۆی خۆپیشاندانەكانی ئێستای رەوتی سەدر و چوارچێوەی هەماهەنگییەوە، دۆخی عێراق تووشی ناسەقامگیری سیاسی بووە.



PM:07:41:24/08/2022