دابەشكردنی پۆستەكانی حكومەتی نوێی عێراق بەپێی خاڵ دەبێت و پشكی كورد 20-22% دەبێت.
ڤیان سەبری، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاندووە "دابەشكردنی پۆستەكان بەگوێرەی خاڵ دەبێت، بۆنموونە: سەرۆكایەتیی كۆمار 30 خاڵ و جێگر 25 خاڵ و وەزیر 20 خاڵ، بەگوێرەی پێگەی كورد لە پەرلەمانی عێراق، پشكی كورد لە پۆستەكاندا 20٪ تاوەكو 22٪ دەبێت".
ناوبراو روونیكردەوە "محەمەد شیاع سودانی پێشتر بەڵێنی دابوو لە ماوەی هەفتەیەك یان دوو هەفتە كابینەكەی ئامادەبێت بۆ متمانەپێدانی لەلایەن پەرلەمانەوە، بەڵام تاوەكو ئێستا دیار نییە پەرلەمان چ رۆژێك متمانە بە كابینەكەی دەدات، چونكە دەبێت پیشتر دانیشتنێكی پەرلەمان بكرێت و كارنامەی حكومەت بخوێندرێتەوە، دواتر دەنگ لەسەر وەزیرەكان بدرێت".
سەبری ئاماژەی بەوەكردوە، بڕیارە لە رۆژانی داهاتوودا لەسەر پرسی پەیوەندییەكانی هەولێر و بەغدا و كارنامەی حكومەتەكەی، سودانی سەردانی هەرێمی كوردستان بكات.