کەشناسی عێراق: بارانبارین دەستپێدەكاتەوە

بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بومەلەرزەی عێراق ئەمڕۆ سێشەممە ڕەوشی کەشوهەوای بۆ ڕۆژانی داهاتوو بڵاوکردەوە و پێشبینی دەستپێکردنەوەی بارانبارین دەکات.

لە ڕاگەیەندراوێکدا دەستەی کەشناسی عێراق دەربارەی کەشوهەوای سبەینێ چوارشەممە ئاماژەی بەوەکردووە" بەگشتی ئاسمانی ناوچەکانی باشوور و باكوور هەوری تەواو دەبێت، بەڵام لە ناوچەكانی باشووری خۆرئاوا نمە باران دەبارێت". 

لە بڵاوکراوەکەی کەشناسی عێراق ئەوەش هاتووە" رۆژی پێنج شەممەی ئەم هەفتەیە باران بارینی بچڕ بچڕ لە هەرێمی كوردستان و هەندێك ناوچەی باكوور دەستپێدەکاتەوە کە لە ناوچەكانی خۆرهەڵات هەورەبروسكەی لەگەڵدا دەبێت و پلەکانی گەرماش نزمدەبنەوە". 

هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا دەستەی كەشناسی عێراق پێشبینی دەکات، رۆژی هەینی ئاسمان بەگشتی هەور دەبێت و لە ناوچەكانی ناوەڕاست و باشوور باران دەبارێت، بەڵام رۆژی شەممە ئاسمان بە شێوەیەكی گشتی ساماڵ دەبێت و هەندێك كات دەگۆڕێت بۆ پەڵەهەور و كەشوهەوا زیاتر سارد دەبێت.



PM:01:18:20/12/2022