مەکگۆرک و قائانی لەیەک رۆژدا گەیشتنە بەغدا


رێکخەری کۆشکی سپی بۆ کاروباری رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفەریقا، برێت مەکگۆرک گەیشتە بەغداو لەگەڵ سودانی کۆبوەوە، هەر ئەمڕۆش هەندێک سەرچاوەی عێراقی ئاشکرایان کرد کە ئیسماعیل قائانیش فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێرانی بە سەردانێک گەیشتە بەغدا.

نوسینگەی راگەیاندنی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیران لەە راگەیاندنێکدا بڵاویکردەوە کە سەرۆک وەزیرانی عێراق لەگەڵ برێت مەکگۆرک رێکخەری کۆشکی سپی بۆ کاروباری رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفەریقا کۆبووەوەو باسیان لە هۆکارەکانی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نیوان عێراق و ئەمریکا کردووە لە ئاستە جیاوازەکان بە جۆرێک خزمەتی گەلی عێراق و ئەمریکا بکات.

هەروەها هاتووشە "لە کۆبوونەوەکەدا محەمەد شیاع سودانی جەختی لە هەماهەنگیکردنی عێراق لەگەڵ ئەو وڵاتانە کردووەتەوە کە دۆستی عێراقن و باوەڕیان بە بەرژەوەندییەکانی عێراق هەیە".

محەمەد شیاع سودانی جەختی لە توانای هێزەکانی عێراق بۆ رووبەرووبوونەوەی کردەوەی چەکداری و بەرقەرار بوونی ئاسایش کردووەتەوە.

لەو کۆبوونەوەیەدا، برێت مەکگۆرک جەختی لە پاڵپشتی وڵاتەکەی بۆ حکومەتی ئێستای عێراق و هاوکاریکردنی هێزەکانی عێراق بۆ رووبەرووبوونەوەی چەکدارانی داعش کردەوە و وتیشی، "حکومەتەکەی بایدن پابەندە بە رێککەوتنی چوارچێوەی ستراتیجی و پاڵپشتی لە چاکسازییەکانی حکومەتی عێراق لە بواری وزە و ژێرخانی ئابووری و ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوادا دەکات."

ئەمڕۆ ئیسماعیل قائانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێرانیش بە سەردانێک گەیشتۆتە عێراق، بەبێ دیاریکردنی ئامانجی سەردانەکەی. ئەوە لە کاتێکدایە کە ئەمەریکاو ئێران لە ناکۆیەکی گەورەدا لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران و هەژموونی ئەو وڵاتە بەسەر ناوچەکەوە.




PM:10:39:16/01/2023