کۆمەڵێک مەوادی خۆراکی پێویست بە هەرزان دەفرۆشرێن


حکومەتی ناوەندی عێراق رایگەیاند، لە هەفتەی داهاتووەوە دەست دەکرێت بە ژمارەیەکی مەوادی خۆرکی پێویست بە نرخێکی داشکاو، لەوانە:  هێلکە، مریشک، ئارد و شیر".

وەزارەتی بازرگانی عێراق ئەوەشی ئاشکرا کرد کە لە هەفتەکانی داهاتوودا گۆشتی سوور، مریشک و پەنیر بەهەمان پلان بە هاووڵاتییان دەفرۆشێت. 

لەو راگەیاندنەدا ئەسیر غرێری، وەزیری بازرگانیی عێراق ئاماژە بۆ ئەوە دەکات لە هەفتەی داهاتووەوە وەزارەتەکەی لە رێگەی چەند ناوەندێکەوە دەست دەکات بە فرۆشتنی هێلکە، مریشک، ئارد و شیری شل، بە نرخی پاڵپشتیکراوی کەمتر لە نرخی بازاڕ، ئەو پرۆسەیە لە رێگەی چەند ناوەندێکی سەر بە وەزارەتی بازرگانییەوە دەکرێت. 
 
نرخەکان بەم شێوەیەیە: فەردەیەک ئارد بە ٣٧ هەزار دینار دەفرۆشرێت، نرخی یەک کیلۆ مریشک بە ٣ هەزار دینار و یەک لیتر شیر هەزار دینار دەبێت.
 
وەزیری بازرگانی عێراق ئەوەش دەخاتەڕوو، شانەی قەیرانی وەزارەتەکەی تاوتوێی ئەوەی کردووە کە خۆراکی دیکە بە هەمان نرخی پاڵپشتیکراو بخاتە بازاڕەوە لەوانە؛ ماسی، گۆشتی سوور و پەنیر. 





PM:08:33:30/01/2023